پارێزەرێکی کورد ٦ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە

لقی ٣ی دادگای “ئینقلاب”ی شاری ورمێ پارێزەرێکی کوردی بە ٦ ساڵ زیندان سزا دا.
مەسعوود شەمس‌نژاد پارێزەری کورد کە ماوەیەک لە مەوپێش دەسبەسەر کرا بوو، لە لایەن دادگای ئینقلابەوە بە تۆمەتی “بانگەشە بە دژی ڕێژیم” و” هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە بەرهەڵستکارەکانی نیزام” ٦ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.
بە پێی بڕیاری دەرکراو لە لایەن دادگای ئینقلاب لە شاری ورمێ مەسعوود شەمس‌نژاد بە تۆمەتی بانگەشە بە دژی نیزام، یەکساڵ زیندان و بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان، ٥ ساڵ زیندانی بە سەر سەپاوە.
لە کۆبوونەوەی دادگایی کردنی مەسعوود شەمس کە ٩ی ڕێبەندان بەڕێوەچوو، ناوبراو لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کرا بوو.
مەسعوود شەمس‌نژاد پارێزەر و مامۆستای پێشووی زانکۆی پەیام نووری شاری ورمێ لە رۆژی ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەسبەسەرکراو دوای لێپێچینەوە رۆژی ٢٧ی بەفرانبار لە گرتووخانەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرایەوە.
ناوبراو پێشتریش بە هۆی قبووڵ کردنی پەروەندی هاوونیشتمانیانی کورد بەتایبەتی تاوانباری ئەمنی و سیاسی لە لایەن ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی لێکراو، چەند جاریش دەسبسەر کرا.
لە بانەمەڕی ساڵی ٩٢ی هەتاویی بۆ ماوەی ٣٧ رۆژی دەسبەسەر و، لە هەمان ساڵدا ناوەندە ئەمنییەکان پەروەندی کوژرانی شەیدا حاتمی خوێندکاری کوردی زانکۆی نازلووی شاری “ورمێ”یان ڕاگرت و ئیزنیان نەدا ئەو پارێزەرە کوردە بەدواداچوونی بۆ بکات.
لە چەند مانگی ڕابردوودا گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر پارێزەرانی ئێرانی و کوردستانی زیادی کردوە.