دەسبەسەرکردنی چوار هاونیشتمانی لە سنە و کامیاران و پاوە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە

بەپێی ڕاپۆڕتی ناوەندی دێموکراسی و مافی‌مرۆڤی کوردستان ڕۆژی دووشەممە ۲۲ ڕێبەندان “موحەممەد سەلیمی ” تەمەن ۳۱ ساڵ کوڕی جەلال دانیشتووی ناوچەی سنە لەلایەن هێزەکانی ئێتڵاعاتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەپێی ئەم هەواڵە دەسبەسەرکردنی موحەممەد سەلیمی بەبۆنەی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان بووە و لەدوای لێدان و ئازارێکی زۆر ، بێ نامەی دەزگای قەزایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی موحەممەد سەلیمی لە سنە ، لە شاری کامیارانیش لە ڕۆژانی ڕابردوو دوو هاونیشتمانی دانیشتووی “نەجەف‌ئاوا “ی بەشی” مووچش” بە ناوی “سەلاح ڕەعنایی” و “حەمید بێهجەتی” بە هۆکاری ناڕوون لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی کامیارانەوە دەسبەسەر کراون .
حەمید بێهجەتی لە دوای ۲۴ کاتژمێر ئازادکراوە بەڵام سەلاح ڕەعنایی چارەنووسی ناڕوونە.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ۱۷ی ڕێبەندان هێزەکانی ئیتڵاعاتی پاوە لاوێک بەناوی “ئاروین ئێقباڵی” تەمەن ۲۲ ساڵ کوڕی هۆشیار بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکان لە ماڵی خۆیان دەسبەسەرکردوە.