‌کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤ: ئێران بە جێگەی سەرکوتی خەڵک دەبێ کێشەکانیان چارەسەر بکا


میشێل باشێلە، کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤ دەڵێ: ڕێژیمی ئێران دەبێ توندوتیژی و تەقەکردن وسەرکوتی خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان لەهەمبەر کەمیی ئاوی خواردنەوە بوەستێنێ.
میشێل باشێلە، کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی ١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەبڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەرەرای ئاماژە بە نیگەرانییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەمبەر سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، کە تائێستا بە دەیان کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراون و بریندار و دەسبەسەر کراون وتی: ڕێژیمی ئێران دەبێ کۆتایی بە سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی ئەو پارێزگایە بێنێت و بەجێگەی ئەوەی کە لە سەر داوایەکی ڕەوا دەیانکوژێ دەبێ کێشە و قەیرانەکانیان چارەسەر بکا.
لەبەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە پارێزگای خووزستان ناوچەیەکە کە زیاتر لە ٥ میلیۆن کەس پێکهاتووە و لە ڕابردوودا خاوەنی گەورەترین سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران بووە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ناکارامەی بەرپرسانی حکوومەت وگواستنەوەی ئاوی ئەو پارێزگایە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران بە ئەنقەست هەوڵی بێ ئاوکردنی پارێزگای خووزستانی داوە و بەمجۆرە ئەو پارێزگایەی تووشی قەیرانێکی گەورەی کەم ئاوی کردووە.
هەروەها لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە هێزە چەکدارەکان وبەرپرسانی رێژیمی ئێران بە جێگەی وڵامدانەوەی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان بە چەک و گازی فرمێسکڕێژ ڕووبەڕووی خەڵک بوونەتەوە کە بۆخۆی ئەم کارەی ڕێژیمی ئێران پێشێلکردنی مافی مرۆڤە.
باشێلە لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە بەپێی یاسای نێونەتەوەیی بەرپرسانی رێژیمی ئێران دەبێ ئەو بسەلـمێنن کە کۆتا ڕێگە بۆ کۆتایی ناڕەزایەتییەکان ڕووبەرووبوونەوەی هێزی چەکداریی نییە وتی: کاتێک کە دەبینی بریندارێک لە ترسی ئەوەی کە هێزەکانی ڕێژیم دەسبەسەری نەکەن ناچێتە نەخۆشخانەکان بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو رێژیمە چەندە دەڕەندە و خوێنمژە و بەردەوام هەوڵی سەرکوتی خەڵک دەدا. ئەنجوومەن:https://xoragri.com/?p=3320
فەیسبووك:‍ https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.com/defence.of.political.prisoners