بێتاوانی ئانیسا جەعفەری مێهر و داریووش مورادی لە تۆمەتی بانگەشەی دژی حکوومەت


خۆڕاگری: سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی دوای ئەوەی چالاکوانی ئەدەبیی کورد ئانیسا جەعفەری مێهر بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە ئاکامی ئەو تۆمەتانەی کە لە لایەن دادگا خرابوونە پاڵی سەردانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری شابادی پارێزگای کرماشانی کردووە، بە شێوەی زارەکی پێی ڕاگەیەنراوە کە لە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» لەگەڵ داریووش مورادی بێ تاوان ناسران.
کۆبوونەوەی دادگای ئەم دوو چالاکوانە ئەدەبییە پێشتر لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ بە سەرۆکایەتیی دادوەر «مەلایەری» بەڕێوە چووبوو و تۆمەتی بانگەشەی دژی حکوومەتیان پێ ڕاگەیەنرابوو. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە پێشتر تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕوو کرابوویەوە.

ئانیسا جەعفەری‌مێهر، دەرچووی ماستەری لقی زمانناسی و ئەندامی دەستەی نووسەرانی وەرزنامەی ئەدەبی و هونەریی «ژێ»یە کە له‌گه‌ڵ داریووش مورادی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ماڵپه‌ڕی كولتووری، ئه‌ده‌بیی هه‌ساره ‌له ‌ڕێكه‌وتی ٣ی سه‌رماوه‌زی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و له‌ڕێكه‌وتی ١٩ی سه‌رماوه‌زدا به ‌دانانی بارمته‌ی ٣٥٠ میلیۆنی و ١٧ی سه‌رماوه‌ز به‌دانانی كه‌فاله‌ت له ‌ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی كرماشان ئازاد كران.
ئەنجوومەن:https://xoragri.com/?p=3320
فەیسبووك:‍ https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.com/defence.of.political.prisoners