به‌ڕێوه‌چوونی دادگایی کردنی دوو هاووڵاتیی كورد به‌ تۆمه‌تی موحاربه‌لە شاری مەهاباد


خۆڕاگری: له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی كورد به‌ ناوه‌كانی سه‌ید محه‌ممه‌د حوسێنی و محه‌ممه‌د مورادی له‌ دوو دوسیه‌ی جیاوازدا له‌ لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی مه‌هاباد دا به‌ سه‌رۆكایه‌تی دادوه‌ر جه‌واد غۆڵامی به‌ تۆمه‌تی «موحاربه‌»دادگایی كراون. تۆمه‌تی «موحاربه»‌ له‌ یاساكانی سزای كۆماری ئیسلامی ئێران دایە کە ده‌توانێ ببێته‌ هۆی سه‌پاندنی سزای ئێعدام.

سه‌ید محه‌ممه‌د حوسێنی، خه‌ڵكی نه‌غه‌ده‌یه‌ كه‌ پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بوو له‌ ساڵی ١٣٩٦دوای وازهێنانی، له‌ لایه‌ن سپای پاسدارانه‌وه‌ ئه‌مان نامه‌ وه‌رده‌گڕی و هه‌رێمی كوردستان جێده‌هێڵی و دەگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئێران، به‌لام دوای ماوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێ و له‌و كاته‌وه‌ تاكوو ئێستا به‌ بێ هیچ حوكمێكی قه‌زایی، سه‌ره‌تا له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و دواتر له‌ زیندانی نه‌غه‌ده‌دا ڕاگیراوه‌.

محه‌ممه‌د مورادی، خه‌ڵكی گوندی قه‌بر ی حسێن سەر بە پیرانشار كه‌ له‌ مانگی گوڵانی ١٣٩٩دا دوای هاوئاهه‌نگی كردنی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ گه‌ڵ ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وه‌رگرتنی ئه‌مان نامه‌، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئێران، به‌ڵام له‌ كاتی هاتنه‌وه‌ی بۆ ئێران له‌ ڕێگای سنووری “کێله”ی سه‌رده‌شته‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌رو ڕه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیتلاعاتی سپای پاسداران له‌ ورمێ كراوه‌.
ماڵپەری ئەنجوومەن:https://xoragri.com/?p=3320
فەیسبووك:‍ https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.com/defence.of.political.prisoners