كەماڵ شەریفی زیندانییەکى سیاسى کورد لە زیندانى میناب

‍ ‍ ‍
خۆڕاگری:کەماڵ شەریفى ڕۆژنامە نووس و زیندانی سیاسی كورد خەڵکى سەقز تەمەن
٤٨ ساڵە، ساڵى ٢٠٠٨ى زایینى لە لایەن سوپاى تیرۆریستى پاسدارانەوە دەستبەسەر و هەمان ساڵ لە لقى یەکى دادگاى شۆڕش سەقز بە سەرۆکایەتى قازى شایق، لە دادگاییەکى ٥ خوولەکى و بە تۆمەتى ئەندامیەتى لە یەكێك لە حیزبە كوردستانییەكان بە ٣٠ ساڵ زیندانى سزا درا و ئێستا پێدەنێتە ١٣ ساڵى بەندكرانی.
كەماڵ شەریفی ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسی کورد لە حاڵێکدا سێزدەهەمین ساڵی بەندکرانی بە بێ یەك ڕۆژ مافی وەرگرتنی مەرەخەسی و ناجێگیر بوونی دۆخی تەندروستی تێدەپەڕێنێت.
بەناوی ئەڤین و ئازادی
تۆ هێشتا لێرەی؟
ئەم پرسیارە زیاتر لە سەد جار و بە سەرسووڕمانەوە لە زمانی ئەو کەسانەیە کە لە بەندیخانە ئازاد کراون و دیسان کەوتوونەتەوە بەندیخانە، لێم کراوە.
کەسانێک هەن کە لەم ماوەی نزیک بە ١٣ ساڵەدا زیاتر لە چوار تا پێنج جار لە بەندیخانە ئازاد کراون و دیسان بە تاوانێکی دیکە کەوتوونەتەوە بەندیخانە. کەسانێک هەن کە زیاتر لە چوار جار تاوانی وەک دزی، بە زۆر پارەسەندن لە خەڵک، تێکهەڵچوون، دەستدرێژی و خەڵک رفاندنیان ئەنجام داوە، بە سەدان تۆن و چەندین کیلۆ تلیاک، حەشیش، شیشە و مورفینەوە دەستبەسەر کراون و پاش ئازادبوون دیسان و بە تاوانێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ بەندیخانە و کاتێک ئەمبینن، ئەپرسن تۆ هێشتا لێرەی؟ نەچووی بۆ مەرەخەس؟ هەن کەسانێک کە خوێن بایی(دیە) سکاڵاکەری پێشوویان نەداوە و رەزایەتیان لێوەرنەگرتووە بەڵام لە هەوڵی گرتنی رەزایەت و دانی خوێن بایی و مامڵە لە گەڵ سکاڵاکەری نوێدان، کەچی من هێشتا لێرەم. نزیکەی ١٣ ساڵە لەم بەندیخانەیەم کە حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانم هەیە، بێ مافی مەرەخەسی و مافەکانی دیکەی نێو بەندیخانە. بێ مافی قسەکردن، نووسین و دانیشتن لە گەڵ خەڵکانیتر. ١٣ ساڵە لێرەم بە تۆمەتی شەڕ لە گەڵ خودا و پێغەمبەرەکەی.
بەڵام ئەو کەسەی کە گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی شیشە( مادەی هۆشبەر)ی لە هورموزگان هەبوو و حوکمی ٤٠ ساڵ بەندکرانیان بۆ دەرکردبوو، تەنیا پاش دوو ساڵ بەندکران، مافی مەرەخەسییان پێدا و رێگای بۆ کرایەوە و گەڕایەوە سەر ئیشی پێشووی خۆی. ئەو کەسەی کە بە چوار تۆن و ٣٦٥ کیلۆ تلیاکەوە دەستبەسەر کرابوو، کەوتە بەر بەزەیی ئیسلامی و پاش ٣ ساڵ بەندکران ئێستا لە گەڵ بنەماڵەکەی ژیان بەسەر دەبا. سەدان نموونەی لەم بەزەییە ئیسلامییە بەر گەورەترین قاچاخچی و بەرهەمهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان کەوتووە بەڵام سەیرە هیچ کامیان بەلووچ نەبوون. لە حاڵێکدا نزیکەی بە تەواوی ئەو کەسانەی لە سەر مادەی هۆشبەر لە هورموزگان، سیستیان و بەلووچستان و کرمان لە سێدارە دراون، بەلووچ بوون. زۆربەی ئەو کەسانەش بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر لێرە حوکمی قورسیان هەیە بەلووچن و سەرنجراکێشتر ئەوەیە کە لەم ماوەیەدا هیچ کارگێر، کادر، بەرپرس، چاودێر و تەنانەت سەربازی سادەشم نەدیوە کە بەلووچ بێت.
سێزدە ساڵە کە زیاتر لە ٢٠ جار بە نووسراوە داوای مەرەخەسیم کردووە لە داواکاری گشتی، سەرۆکی خانەی داد و بەرپرسانی دادوەریی پارێزگای هورموزگان و کوردستان، بەڵام پاش هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر بێ ئاکام ماوەتەوە. پاش ئەوەیکە تووشی جەڵتەی مێشک بووم و ئێستاکەش شوێنەواری بە روومەتمەوە دیارە، ئەمجارە لە ١٢ی رەشەمە، تووشی جەڵتەی دڵ بووم کە پاش نەشتەرگەریی ئانژیوپلاستی دیسان گەڕامەوە بۆ ئەو بەندە و بۆ ئەو ژوورە. ١٣ ساڵە لە گەڵ نەخۆشیی هەرسەک( گوارشی) و خواردنی خراپی بەندیخانە و ژیان لە گەڵ تووشبوانی مادەی هۆشبەر و بۆنی دووکەڵی تلیاک راهاتووم.

سەرەڕای ١٣ ساڵ بەندکران، دوورخستنەوە، بێ چاوپێکەوتن، جەڵتەی مێشک و دڵ، هاوژووری بوون لەگەڵ کەسانێک بە تاوانی ئاسایی، گوشاری دەروونیی راهاتن لەگەڵ هێندێک کێشەی دیکە زۆر تاقەت پڕووکێن و دژوار بووە. راهاتن لە گەڵ “شەڕ لەگەڵ خودا و پێغەمبەرەکەی” (موحاربە)، هەر ئەم وشەیە لە دادنامە بەسە بۆ ئەوەیکە بەندکراو بۆ هەتاهەتایە لە بەندیخانە بهێڵێتەوە یان لە سێدارەی بدا.
بوونی وشەی ” موحاربە” لە دادنامە یانی نەبوونی مافی مەرەخەسی و ئەو مافانەی کە لە لایەن بەندیخانەوە دەدرێتە بەندکراو. ئەگەر ئەو بەندکراوە کورد یان بەلووچ بێ ئەوپەڕی “موحاربە”ی بەر ئەکەوێ. ئەو لێبوردنانەی کە بە هۆی جۆراوجۆرەوە دەردەکرێ، هێندێک لە بەندکراوان ناگرێتەوە. لە هەر حاڵێکدا “مەحارب” لە یەکەم کەسەکانە کە هیچ چەشنە لێبوردنێک نایگرێتەوە. نەبوونی پێناسەی تاوان و تۆمەتی سیاسی یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەو کەسانەیە کە بەم تۆمەتە لە بەندیخانەدان. جیاکردنەوەی بەندکراوانی سیاسی و ئەمنییەتی، تاکتیکێکە لە دەستی هێزی دادوەری و دادوەر کە بتوانن بە پێی رای تایبەتیی خۆیان و ئورگانە ئەمنییەتییەکان، تۆمەتێکی سیاسی بکەن بە ئەمنییەتی و بە پێی بڕیارەکانی قورعان تۆمەتی “محارب” و شەڕ لە گەڵ خودا و خراپەکار لە ناو کەیسەکەدا بنووسن. بەندکراوی ئەمنییەتی یانی “مەحارب” و بەخراپەکار زانینی هەموو خەباتکارانی کورد، بەلووچ و عەرەب، یانی بەلاڕێدابردنی ویست و هیوای ئازادیخوازی لە ئێراندا. یانی ئەوەیکە دادوەر بە ئاسانی بتوانێ پێنووسی بیک، کەیسی کامپیوتێر و موبایل بکات بە کڵاشینکۆف، بۆمب و قومبەلە. یانی گۆڕینی ویستی ئازادیخوازی بۆ رووخاندن و تێکدان. ١٣ ساڵە بێ بچووکترین گۆڕانێک لە کەیسەکەم لە گەڵ کێوێک لە کێشەی جەستەیی، رۆحی و شەخسی بە هیوای ئازادی و گەڕانەوە بۆ وەتەن چاوم بڕیوەتە قوڵفی دەرگای بەندیخانە.
کەماڵ شەریفی یەکی خاکەلێوەی ٢٧٢١
ماڵپەری ئەنجوومەن:https://xoragri.com/?p=3320
فەیسبووك:‍ https://www.facebook.com/anjumanizindanian
تلگڕام:@xoragre
ئنستا: https://instagram.com/defence.of.political.prisoners..