بانگەوازێک لە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خەڵکی بە شەرەفی کوردستان!
زیندانییانی سیاسیی خۆڕاگر!
هەر وەک هەموو ئاگادارین بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی زیندانەکانی ئەو رێژیمە پڕ بووە لە ئازادیخوازانی کورد و باقی گەلانی ئێران کە لە ڕاستیدا هەر جارە و بە بیانوویەکی داتاشراوی وەک (وەستانەوە لە دژی حکومەتی ئیسلامی، شەڕکردن لەگەڵ خودا، چالاکیی ئەمنیەتی لە دژی دەسەڵات، فەساد کاری لەسەر زەوی) لاوانی ئازادیخوازی کوردی ئێعدام کردووە. ئەوەی ئێمە مەبەستمانە ئەوەیە کە دوای بە دواداچون بۆ دۆسیەی ئێعدام‌کراوان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەدردەکەوێ کە بە داخەوە دوای ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهاباد کە ٣٩ کەسیان لە بەندیخانەی ورمێ و هاوکات ٢٠ کەسیان لە بەندیخانەی مەهابادڕا هێنرابوونە بەندیخانەی ورمێ (دەریا) و لە یەک ڕۆژدا ئێعدام کران؛ پاش ئەو ڕێکەوتەش سێ جار لە سێ دەستەی جیاوازدا زیندانییانی سیاسیی بێ‌تاوان دەبەنە بن پەتی سێدارە و ئێعدامیان دەکەن کە بە داخەوە زانیاریی ورد و دەقیق لەو تاوانە لەبەر دەست دا نیە.
دەستەی دووهەم: دوای ئەو ٥٩ کەسە ئەو دەستەیە کە زیاتر لە ٣٠ کەسن دەیانبەن بۆ ئێعدام،کە لەو دەستەیە ناوی شەهید حوسێن جەننەتی و برایەکەی بە ناوی مەملی جەننەتی، و قادربایزیدی، لە ڕیزی ئیعدام کراوان دان.
دەستەی سێهەم: شەهیدان خوسرەو تۆکمەچی –عوسمان بەتورەک- و پێنج پێشمەرگەی بە دیل‌گیراوی دێموکرات بە ناوەکانی (حوسێن چاوشینی، شەهریار باهووش، محەممەد قارەمانی، یوسف بەیتاسی و ڕەحمان ڕەحمانی)کە لە شەڕی ئاوایی داشتەمر بە برینداری دەکەونە دەستی دوژمن لە نێو ئێعدام‌کراوان‌دا بوون.
دەستەی چوارەم کە لە خەرمانانی ١٣٦٢ دا ئێعدام کران، کەناوی شەهید جەعفەر پاکزاد و شەهید کەماڵ زەکی لە ناو ئێعدام کراوان دان.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی تۆمارکردنی ناوی زیندانییانی سیاسی و هەروەها ئێعدام‌کراوانی سیاسیی دەستی غەدری کۆماری ئیسلامی داوا لە بنەماڵە و کەسوکاریی بەندییە سیاسییەکان، خەڵکی کوردستان و هەموو بەندکراوانی سیاسی بە تایبەت دەیەی ٦٠ دەکا کە بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو ئێعدام‌کراوانە هاوکاریمان بکەن.
بەدێکیۆمێنت‌کردنی ئەو ڕووداوە مێژووییانە و تۆمارکردنی ناوی شەهیدان و ئێعدام‌کراوانی دەستی جینایەتی کۆماری ئیسلامی هەم ئەرکێکی مرۆیی و نیشتمانییە، هەم هەولێکە بۆ ون‌نەبوونی ئەو ڕاستییانە لە پەروەندە و کار و کارنامەی کۆماری ئیسلامیدا.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٥ی رەشەممەی١٣٩٩هەتاوی