‌پشتڕاست کردنەوەی سەزای پێنج ساڵ بەندکران بە سەر مامۆستا زارا محەمەدی


خۆڕاگری: لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی سنە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژینی پشتڕاست کردەوە.
زارا محەمەدی ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی لە ماڵەکەی خۆیی لە شاری سنە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا.

زارا تەمەن ٢٨ ساڵ و لەدایکبووی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆپۆلۆتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.
ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە و بە گشتیی پارێزگای سنەدا وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بووە و دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.
شایانی باسە کە زارا محەممەدی لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەری سەعیدی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. https://t.me/xoragre http://www.xoragri.com فیس بووک :https://www.facebook.com/%D8%A6%DB%95%D9%86%D8%AC%D9%88%D9%85%DB%95%D9%86%DB%8C-%D8%B2%DB%8C%D9%86%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B3%DB%8C-37221158357251