ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی نۆژین بە بۆنەی حوکمی ٥ ساڵ بەندکران بۆ زارا محەممەدی


ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین بەبۆنەی حوکمی داسەپاو بەسەر زارا موحەممەدی”دا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی نۆژیندا هاتووە کە:
ئەندامان و لایەنگرانی ئەنجومەنی نۆژین
کۆمەڵگای مەدەنیی خۆڕاگر و بە هەڵوێست
نەتەوەی مافویستی کورد
ڕێکخراوە مافی مرۆڤی و بەرپرسیارەکانی جیهان

ئەنجومەنی نۆژین هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە هەستکردن بە شەڕێکی گوتاری لە نێوان کورد و ناوەنددا و لێکدانەوەی ئامانجەکان و شیکاریی ستراتژییەکان و شرۆڤەی زمانی ئەو گوتارە، دەستی بە بەرەنگاریێکی گوتاری کردووە و هەوڵی بۆ خستنەڕووی ستراتژی و زمانی گوتاری زاڵ داوە و هەنگاوی بۆ داهێنانی دژەزمان و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ئەو ستراتژییانه هاوێشتووە.

هەوڵدانی گوتاری زاڵ بۆ دابەشکردنی زمانی کوردی به سەر دوو ڕوانینی زمانی فەرهەنگی و زمانی سیاسی و ڕێگا خۆشکردن بۆ پەرەگرتنی ڕوانینی زمانی فەرهەنگی و داماڵینی زمانی کوردی لە نێوەرۆکی سیاسی و کانتێکستی باڵای خۆی واتا کانتێکستی نەتەوەیی هەوڵدانێکی گوتارییە بۆ ڕاگرتنی کورد لە دەرەوەی کات-شوێنی مودێڕندا. هەروەها نکۆڵی کردن لە گشتایەتیی زمانی کوردی و بە زاراوە و زمانی ناوچەیی ناولێبردنی لە لایێکەوە و پارچەکردنی ئەو زمانه به سەر چەندین زماندا و ڕێگەدان به تۆمارکردنی زاراوەکانی زمانی کوردی وەکوو زمان لە بەناومیراتی فەرهەنگیی ناوەنددا، بەشێک لە ستراتژیی زمانی گوتاری زاڵن کە لە نێوخۆی کوردستانیش کۆمەڵێک سووژەی ناوشیار و نەزانی دۆزیوەتەوە و کۆمەڵێک کەسیش بوونەتە بێژەری ئەو گوتارە وجێبەجێکاری ستراتژی و پلانەکانی.

بەهێماکردنی ئەم خوێندنەوەیە و لەبەرگرتنی ڕێبازێک لە چالاکیدا کە توانای داهێنانی زمان و ڕێچکەیێکی نوێی هەبێت، ئەنجومەنی نۆژینی کرد بە مەکۆیێک بۆ پێشکەش کردنی هێمایێکی نوێ لە چالاکی کە توانای خزمەت به مافە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی هەبێت. بۆیە هەر لە سەرەتاوە پەروەردە به زمانی کوردی و تێکۆشان بۆ کۆمەڵگایێکی مودێڕنی کوردی کرد به سەرچەشنی چالاکییەکانی و تائێستاش درێژەی پێداوە.

سەپاندنی حوکمی دە ساڵ زیندان به سەر هێمای زمانی کوردی، خاتوو زارا موحەممەدی لە لایەن دادگای شۆڕش و پشتڕاست کردنەوەی ٥ ساڵی ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە نیشانەی ئاشکرای دژایەتیکردنی گوتاری زاڵ و دامودەزگاکانی ئەو گوتارە لە گەڵ زمان و بوونی نەتەوەی کوردە.

هەر بۆیە ئێمە ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین وێڕای شەرمەزارکردنی توندی ئەم حوکمە سەپاوە ڕایدەگەیێنین که ئەگەر تێکۆشان بۆ پەروەردە بە زمانی کوردی و پاراستنی مافە نەتەوەییەکانمان تاوان بێت، ئێمەش هەموومان لەگەڵ خاتوو زارای پێشەنگمان هاوتاوانین و تا چەسپاندنی مافەکانمان لە تێکۆشان ناوەستین و هەنگاوی کردەییمان ئەبێت.

ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین
٢٥ی ١١ی ٢٧٢٠ی کوردی