خۆڕاگری: لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٤ خوێندکار و چالاکوانی مەدەنیی کورد لە شارەکانی مەهاباد، ڕەبەت و مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ئەم کەسانە بریتین لە فەرزاد سامانی، سوهەیب بادرووج، شەپۆل خزری، دەریا تاڵەبانی، سالار ڕەهوی، سیروان نووری، ئەفشین مامئەحمەدی، بەهمەن یووسف زادە، فەرهاد مووساپوور، فەرەیدوون مووساپوور و دانا سەمەدی، ئیمان عەبدی.
بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار١٣٩٩ی هەتاوی هێزە ئەمنییەکان لە شاری مەریوان چالاکێکی ژینگەپارێزیان بە ناوی دانا سەمەدی دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکیتر، ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار١٣٩٩هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر نووستنگەی خوێندکاریی خاڕەزمی لە شاری کەرەج و دوو خوێندکاری کوردیان بە ناوەکانی فەرزاد سامانی خەڵکی مەهاباد و سوهەیب بادرووج خەڵکی مەریوان، دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە ئەمنییەکان لە شاری مەهابادیش ٥ چالاکوانی مەدەنییان بە ناوەکانی شەپۆل خزری، دەریا تاڵەبانی، سالار ڕەهوی، سیروان نووری و ئەفشین مامئەحمەدی دەستبەسەر کردووە.
هەروەها سەرچاوەیەک لە شاری ڕەبەتی پارێزگای ورمێ هەواڵی دەستبەسەرکردنی سێ چالاکوانی مەدەنیی دانیشتووی ئەم شارەی بە ناوەکانی بەهمەن یووسف زادە، فەرهاد مووساپوور و فەرەیدوون مووساپوور ڕاگەیاندووە.
ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵیان بە ناوی ئیمان عەبدی لە دووکانی موبایل فرۆشییەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم دەستبەسەرکراوانە، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی ئەو هاووڵاتیانە لە بەر دەست دا نیە. https://t.me/xoragre http://www.xoragri.com فیس بووک :https://www.facebook.com/%D8%A6%DB%95%D9%86%D8%AC%D9%88%D9%85%DB%95%D9%86%DB%8C-%D8%B2%DB%8C%D9%86%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B3%DB%8C-372211583572513