عومەر باڵەکی: بەپێی کۆکراوەی ئامارێک کە “بنیاتی برومەند” بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامییدا ژمارەی ئیعدامکراوان لە ئێران خۆی لە ٢٥ هەزار و٤٠٠ کەس دەدا. ئەم پرسیارە هەمیشە بەڕۆژە کە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی بۆ سزای ئێعدام چییە و بە سووربوونی لەسەر بەردەوامیی ئێعدامەکان چ ئامانجێک دەپێکێ؟ ئایا مەبەستی کۆماری ئیسلامی لەو سزایە سەقامگیریی ئەمنیەت و بەربەرەکانی لەگەڵ تاوان و تاوانکارییە کۆمەڵایەتییەکانە لە وڵاتدا؟ ئەگەر وایە ئێعدام چەندە کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی تاوان لە کۆمەڵگەی ئێراندا داناوە؟ یاخود تەنیا مەبەستیان خوڵقاندنی کەشی ترس و تۆقاندنە لە کۆمەڵگەدا؟
ئەزموونی پتر لە چوار دەیە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی جێی هیچ شک و گومانێکی نەهێشتۆتەوە کە ئێعدام وەک ئەوپەڕی توندوتیژی، یەک لە هەرە ئامراز و چەکە کاریگەرەکانی دەستی ڕێژیم بووە بۆ کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگە و ڕێگەگرتن و نەهێشتنی هیچ ناڕەزایەتییەک. پەرەسەندنی بەردەوامی تاوان لە کۆمەڵگە و زۆربوونی زیاتر لە پازدە هیندەی ژمارەی بەندکراوان (لە ماوەی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا) پێمان دەڵێن کە ئێعدام و توندوتیژی نەیتوانیوە گەرەنتیی نەزم و یاسامەندی و ئەمنییەت لە کۆمەڵگەدا بکا، دەمێنێتەوە ئەوە کە کۆماری ئیسلامی کە لە بەردەوامیی ئێعدامدا بەشوێن ئامانجەکانی خۆیدا دەگەڕێ.
ڕابردووی بەکارهێنانی ئامرازی ئێعدام بە مەبەستی سەرکوت و ئەوپەڕی زەبروزەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە مێژووی کۆماری ئیسلامییەوە گرێ دراوە. یەکەمین پێشێلکاری زەقی مافەکانی مرۆڤ تەنیا چوار ڕۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە سەربانی “مەدرەسەی ڕیفاه”ـی تاران بە ئێعدامکردنی کاربەدەستانی پێشووی ڕێژیمی پێشوو دەستی پێ کرد، دەسپێکی کوشتار و نەهێشتنی دژبەر و نەیار کە لە کەشی شۆڕشگێریی ئەوکاتدا کەم کەس ناڕەزایەتیی لە دژی دەربڕی. ڕەوتێک کە بە ئێعدامی زیندانییانی سیاسی درێژەی پێدرا و کۆماری ئیسلامی بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگە تەناف و دارەکانی ئێعدامی کێشایە شەقامەکان و بەرچاوی خەڵک؛ کە ئەم ڕەوتە ئێستاش هەر درێژەی هەیە.
ئێعدام قورسترین سزایە کە گیانی کەسی حوکم لەسەردراو دەستێنێ و لەدوای جێبەجی کردنی سزاکە هیچ گەڕانەوەیەکی تێدا نییە، واتە ئەگەر دواتر دەرکەوت کە کەسی ئێعدامکراو بێتاوان بووە، کار لە کار ترازاوە و هیچ قەرەبوویەک ناتوانێ جێگەی ئەو گیان لێئەستاندنە بگرێتەوە. کاریگەرنەبوونی سزای ئێعدام لە پاراستنی نۆڕمەکانی کۆمەڵگەش وایکردووە کە ئەم جۆرە لە سزادانە ڕۆژ بە ڕۆژ دژبەرانی زیاد ببن و لە قانوونی سزادانی زۆربەی وڵاتانیش هەڵگیرێ، یان ئەگەر لە چەند وڵاتێکیش مابێ بە دەگمەن جێبەجێ بکرێ. لە ئێستادا بەپێی هێندێک ئامار لە ١٩٥ وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٥٣ وڵاتدا سزای ئێعدام هەڵگیراوە. لەبری ئەوە و بۆ کەمکردنەوە یان نەهێشتنی تاوان لە کۆمەڵگەدا ڕێکاری دیکە و سزای جێگرەوەی دی لەبەرچاو گیراوە و دەرکەوتووە کە ئەم بڕیارە شوێنی ئەرێنیی زۆر پتری لەسەر کۆمەڵگە داناوە. بەڵام لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا حیکایەت جۆرێکی دیکەیە.
لە ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامییدا ڕۆژ نییە بەئاشکرا لە سووچێکی ئەم وڵاتە و نائاشکرا لە دەیان حەوشەی بەندیخانەکانی وڵاتدا پەتی ئێعدام هەڵنەخرێ، بەڵام لەو سۆنگەیەوە نە ئەمنییەت بۆ خەڵک بەدیاری هاتووە و نە بەها و بایەخەکانی کۆمەڵگەشی پێ پارێزراو بووە، ئیللا ئەوە نەبێ کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ ترساندنی کۆمەڵگە لە سەربزێویی سیاسی و ناڕەزایەتیی گشتی کەلکی لێ وەرگرتووە.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا سزای ئیعدام لە قانووندا گونجێندراوە و پاڵپشتیی شرعی و فتوای ئایەتوڵڵاکانی شیعەی دەسەڵاتداری نیزامی لە پشتە و تەنانەت بەڕێوەچوونی سزای ئێعدام ڕێ پێدراوە کە لەسەر شەقام و بەبەر چاوی خەڵکەوە جێبەجێ بکرێن. ئەوەش هەموو بۆ ئەوەیە کە بڵێن و پێشانی بدەن هەر کەس و کاربەدەست و ڕەخنەگرێک بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی قسە بکا، سزاکەی ئیعدامە.
لە دادگاکانی کۆماری ئیسلامییدا دژبەران، نەیاران و ڕەخنەگران بە تاوانی فەساد لەسەر عەرز و شەڕ لەگەڵ خودا (محاربە با خدا) دادگایی دەکرێن. چونکە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی خۆیان پێ نوێنەری خوا لەسەر عەرزە و دژایەتی لەگەڵ خۆیان و نیزامەکەیان لە ڕیزی دژایەتی لەگەڵ خوا دادەنێن و بە حوکمی ئەوەی کە کەسی تاوانبارکراو شەری لەگەڵ خوا ڕاگەیاندوە، دەبێ بە زیندوویی لەسەر زەوی نەمێنێ و بۆ ئەوەش حوکمی ئیعدامی لەسەر بەرێوە دەچێ. ئێعدامی ڕوحوڵلا زەم، ڕۆژنامەنووس و میدیاکار یەکێک لە تازەترین نموونەکانە کە لە سۆنگەی دژایەتیکردنی ڕێژیم و لەقاودانی جینایەت و گەندەڵیی کاربەدەستان بە فێڵ و تەڵەکە لە داو خرا، ڕفێندرا و لە دادگادا بە تاوانی “فەساد لەسەر عەرز” مەحکووم بە ئێعدام کرا، بەو واتایە لە ڕوانگەی دەزگای دادی ڕێژیمەوە بێتوو کەسێک ڕەخنە لە نیزامی بەڕێوەبەریی وڵات بگرێ، دزی و گەندەڵیی کاربەدەستان لەقاو بدا، سیاسەتە بیانییەکانی حکوومەت بباتە ژێر پرسیار و لەسەر دەرد و مەرگ و نەهامەتییەکانی کۆمەڵگە بنووسێ، لەسەر عەرز فەسادی بەرپا کردوە و سزاکەی مردنە!
کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو ا هەموو کات لە دوای وڵاتی چین پلەی دووهەمی لە جێبەجێ کردنی سزای ئیعدامدا بۆ خۆی دەستەبەر کردووە، بە لەبەرچاو گرتنی ڕێژەی حەشیمەتی ئێران و چینیش، دەکرێ بڵێین پلەی یەکەمی لە ئێعدام لە دنیادا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ماوەبەماوە لە لایەن دامەزراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەچوونی سزای ئێعدام لە ئیران مەحکوم کراوە و بە بەردەوامی لەگەڵ دژایەتیی کۆمەڵگەی جیهانییش ڕووبەڕوو بۆتەوە و لەو سۆنگەیەوە ڕاگەیەندراو و بڕیارنامەی لە دژی دەرکراوە؛ بەڵام دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی وازیان لە سزای ئیعدام نەهێناوە و بێگوێدان بەو ناڕەزایەتی و مەحکوومکردنانە لە سەر جێبەجێکردنی سزای ئێعدام هەروا پێداگرن، چونکە هەروەک باسمان کرد سزای ئێعدام بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئامرازێکی گرینگە بۆ نەهیشتن و حەزفی فیزیکیی جیابیرانی خۆیان و خوڵقاندن و سەپاندنی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا.
نیزامی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی هێژمونیی خۆی بە سەر گەڵانی ئێراندا نەک هەر دەستبەرداری سزای ئێعدام نابێ، بەڵکوو لە بەرێوەبردنی ئەو سزایەشدا قانوون و نەریتەکانی پێوەندیدار بەو بابەتەش لەبەر چاو ناگرێ، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو شیوە ئێعدامانەی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەرێوە دەچن، خۆیان جۆرێک لە کوشتنی بەئانقەست یا شێوە تیرۆرکردنێکە کە لەلایەن حکومەتەوە دەکرێن. بۆ نموونە لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامییدا کەم نین ئەو جیابیر و دژبەرانەی نیزام کە حوکمی کوشتنیان لە لایەن ڕێبەری نیزامەوە دراوە و ئەو حوکمەیان لەسەر جێ بەجێ کراوە و لە کارنامەی ئەو نیزامەدا وەک تێرۆری جیابیرانی نیزام تۆمار کراوە. زۆر جارانیش دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هەوڵیان داوە کەسی مەحکووم بە مەرگ بە شێوازی جۆراوجۆر لە داو بخا و، ئەگەر لە دەرەوەی ئێرانە بیهێنێتەوە و لە دادگایەکی ڕواڵەتیدا حوکمی کوشتنەکەی بەسەردا بسەپێنێ کە ئەوە لەگەڵ تێرۆر هیچ جیاوازییەکی نییە. چونکە ئەو کەسە پێشتر بڕیاری کوشتنەکەی دراوە و تەنیا دەزگای ئەمنییەتی رێژیم کاری کردووە بۆ ئەوەی ئەو کەسە لە دەرەوی سنوورەکانی ئێران تێرۆر نەکرێ، بەلکوو پەلکێشی وڵاتی بکەنەوە و لە نێوخۆدا بکوژرێ و گیانی لێ بستێنن.
ئەوەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەتا ئیستا کردوویانە دەتوانی دوو ئامانجی لە پشت بێ. ئامانجی یەکەم ئەوەیە کە دژبەرانی خۆیان بە هەر شێوەیەک دەست بدا لەسەر ڕێگا لا دەبن و دووهەم ئامانجیان ئەوەیە کە دژبەرانی خۆیان لە نێوخۆی وڵات لە هەر جیگایەکی جیهان بن، چاوترسێن بکا؛ ئەمەش کەشێکی خوڵقاندووە کە تیغی سەرکوت و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنیەتییەکان بە بەردەوامی لەسەر، سەر و ملی جیابیران و ڕەخنەگرانی ڕێژیم –تەنانەت بنەماڵەکانیان- بمێنێ و هەست پی بکرێ.
هەتا باس لە ئێعدام دەکرێ، کۆماری ئیسلامی بیانووی بەشێک لە ئێعدامەکان بۆ “ماف”ی خەڵک دەگەڕێنێتەوە. کوشتنەوە (قصاص) کە بەپێی نۆڕمە دینییەکان بە مافی خوێنگران دادەنرێ، یەک لەو مافانە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خەڵکی بە ڕوا! دەزانێ و هەموو هەوڵێک دەدا بۆوەی ئەو مافە! بۆ خەڵکەکەی دەستەبەر بێ. بەڵام گاڵتەی بە هەموو مافە سیاسی و مەدەنییەکانی دیکەی خەڵک دێ، وەک مافە نەتەوایەتییەکان، مافە کۆمەڵایەتییەکان، مافی ئازادیی دەربڕین، ئازادیی هەڵبژاردن و … .
ئەزموونی کۆمەڵە مرۆییەکان پێشانی داوە کە نالێکی و ناتەباییە کۆمەڵایەتییەکان دیاردەیەکی زەوینین و چارەسەرکردنیان لە گرەوی پەروەردە و دانانی قانوونە؛ بەڵام دەسەڵاتە دیکتاتۆر و توتالیتێرەکان بە پەنا بردنە ئامرازەکانی توندوتیژی –ئێعدام بۆ نموونە- لە هەوڵی سەپاندن و هێشتنەوەی ئیرادە و دەسەڵاتی دژیگەلیی خۆیانن و بەس.https://t.me/xoragre http://www.xoragri.com