سێ هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ دوای دەستبەسەر کرانیان ڕەوانەی بەندیخانە ورمێ کران

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەت حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران.

ڕۆژی پێنج شەممە ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ ناوەکانی شارام کازمیان، فەرهاد نووری و سەفەر نووری بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کران.

شارام کازمیان ڕۆژی دووشەممە ١٦ی بەفرانبار ١٣٩٨ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەر و پاش٢٦ ڕۆژ ڕاگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە دادگایی و دواتر بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرایەوە و زستانی هەمان ساڵ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر ”عەلی شەیخلوو“ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردی سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

ئەو چالاکە مەدەنییە بەهاری ١٣٩٩ی هەتاوی بە بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد و دواتر حوکمەکەی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە بۆ ٣ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

سەفەر و فەرهاد نووری ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٨ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەر و دوای یەک مانگ لێپرسینەوە گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ و مانگی ڕەزبەری هەمان ساڵ بە بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

خەرمانانی ئەمساڵ ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ورمێ وە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەت هەر کامەیان حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو کە ئەو حوکمە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگایورمێ بۆ یەک ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.https://t.me/xoragre http://www.xoragri.com فیس بووک :https://www.facebook.com/%D8%A6%DB%95%D9%86%D8%AC%D9%88%D9%85%DB%95%D9%86%DB%8C-%D8%B2%DB%8C%D9%86%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B3%DB%8C-372211583572513