دەسبەسەرکردنی دوو چالاکی مەدەنیی دێولان لە لایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە


“فەریدە وەیسی و سیرووس عەباسی” پاش دەستبەسەر کران ڕەوانەی دادگا کران

دوو کەس لە چالاکانی مەدەنیی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە کە ماوەیەک لەمەوپێش بە بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕایانگەیاندبوو تەنیا بە مەرجێک لە دانیشتنی دادگادا بەشدار دەبن کە دادگاکەیان ئاشکرا و دادپەروەرانە بێت، پاش ئەوەی دەستبەسەر کران ڕەوانەی دادگای شاری سنە کران.
بەپێی ڕاپوۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان( چاونیوز)، ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، سیرووس عەباسی و هاوژینەکەی فەریدە وەیسی لە چالاکانی مەدەنیی شاری دێولان، پاش ئەوەیکە لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران، بۆ دادگای گشتیی و شۆڕشی ئەم شارە گوازرانەوە و لەویشەوە گوازرانەوە بۆ شاری سنە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەباسی لەم بارەوە ڕایگەیاند: پاش ئەوەی ئەوان دوو جار بانگ کرانە دادگای شۆڕشی سنە بەڵام نەچوون، دادوەر سەعیدی، دادوەری لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە، بڕیاری دەستبەسەر کرانی ئەوانی دەرکردووە.
ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، فەریدە وەیسی چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان کە ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی دوو مانگ دەستبەسەر کرابوو، لە سەر لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینیستاگرام گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی سیروس عەباسی دانشیتنی دادگا بایکۆت دەکەن.

فەریدە وەیسی لەو گرتە ڤیدیۆییەدا باس لەوە دەکات کە بە زۆر ناچار کراوە لەپێش کامێرا دان بەو شتانەدا بنێت کە داوایان لێکردووە و بەجۆریک هێندێک قسەم دژ بە خۆم کردووە کە بنەمای نەبووە و تەنانەت بۆ هەر ڕەستەیەک ناچار کراوم چەندین جار دووپاتی بکەمەوە هەتا ئەوان چەندین جار ئەو وتانە تۆمار بکەن و ئەوەیان کە کارناسەکانیان پێیان باشە بڵاوی بکەنەوە.
ناوبراو دواتر دەڵێت: ”هەموو دڵخۆشییان ئەوە بووە لە دادگا بتوانن بەرگری بکەن لەخۆیان، بەڵام ئەو ئاوەها باسی دانیشتنی یەکەمی دادگایی کردنی خۆیان دەکات“ لە دادگادا دۆخێکیان زاڵ کرد کە ئێمە نەتوانین بەرگری لەخۆمان بکەین و وەها هەستم دەکرد کە دادوەر نیە، بەڵکوو پشکێنەری ئیدارەی ئیتلاعاتە و سەرلەنوێ خەریکە لێپرسینەوەمان لێ دەکات. هەر بۆیەش کاتێک هاتنیە دەرەوە بڕیارمان دا لە دانیشتنی دووهەمی دادگا بەشداری نەکەین و تەنیا کاتێک بەشداری دەکەین کە دانیشتنی دادگا بە شێوەی دادپەروەرانە و ئاشکرا بەڕێوە بچێت.“
سیروس عەباسی و هاوژینەکەی فەریدە عەباسی ڕۆژی شەممە ٢٤ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان هەڵیانکوتایە سەر ”ناوەندی پەروەردەی زانست“ دەستبەسەر و ئازاد عەباسی کە هەمان ڕۆژ بە مەبەستی بەدواداچوونی چارەنووسی ئەوان سەردانی بنکەی ئیتلاعاتی کردبوو، کەوتە بەر لێدان و کوتانی ئەو هێزانە و دەستبەسەر کرا.
ئەو سێ چالاکە کوردە پاش دوو مانگ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ هەتا ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتیی هەتا کاتی دانیشتنی دادگا ئازاد کران.