هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ سزای ٣٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا


خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی کورد کە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە سزای ٣٠ مانگ بەندکرانی بە سەر دا سەپا و بۆ جێ بە جێ کردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زینادن کرا.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بە ناوی “ئەسکەندەر محەمەدپوور”، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە.

ئەسکەندەر محەمەدپوور، تەمەن ٣٠ ساڵ ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکەی دیکەی خەڵکی شنۆ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و پاش سێ مانگ، بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگایەکەی ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، سەرئەنجام لە پاییزی ئەمساڵدا لە لایەن دادگای گشتیی و شۆڕشی شنۆوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری حکوومەت، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بە سەر دا سەپا.