‌دوو زیندانیی سیاسیی کورد دوای ٢٠ ساڵ بەندکران مەرەخەسیان پێنەدراوە

دوو زیندانیی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراون، ٢٠ ساڵ لە دەسبەسەر کردنیان تێپەڕیوە، لە مافی مەرەخەسی بێبەریی کراون.

بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی “خالید فەرەیدوونی” خەڵکی مهاباد و “عومەر فەقێ‌پوور” خەڵکی بۆکان، زیاتر لە ٢٠ ساڵە کە لە بەندیخانەکانی پیرانشار، ڕەجایی شاری کەرەج، مهاباد و ورمێ، بەبێ ئەوەی تەنیا یەک ڕۆژێش مافی مەرەخەسیان پێدرابێ بەندکراون.
عومەر فەقێ‌پوور و خالید فەرەیدوونی، ١٠ی خەرمانانی ٧٩ی هەتاوی، لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەر کران و لە گرتنگە و ئەشکەنجەگاکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پیرانشار و مهاباد بە شێوەیەکی دڕندانە کەوتبوونە بەر ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مهابادەوە بە تۆمەتی محاربە و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم، حوکمی لە سێدارەدانیان بە سەرداسەپا و پاش چەند ساڵ لە دادگای پێداچوونەوەدا حوکمەکەیان بۆ زیندانیی هەتاهەتایی گۆڕدرا.
ڕەزا شەریفی‌بۆکانی زیندانیی سیاسیی پێشوو و هاوبەندی ئەم دوو زیندانییە لە بەندیخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج، لەو بارەوە ڕایگەیاند کە ئەو دوو زیندانییە لەماوەی ئەو ١٠ ساڵەی کە هاوبەندی ناوبراو بوون لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەریکرابوون و جار جار لە ڕێگای تلفۆنەوە پێوەندییان بە بنەماڵەکانیانەوە دەگرت و لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی بێبەش بوون بە شێوەیەک کە عومەر فەقێ‌پوور، لە بەندیخانەی ورمێ بەهۆی پێڕانەگەیشتن و پێشگرتن لە ناردنی بۆ دەرەوەی بەندیخانە بۆ چارەسەرکردنی چاوی چەپی لە دەستداوە. https://t.me/xoragre https://xoragri.com فیس بووک :https://www.facebook.com/%D8%A6%DB%95%D9%86%D8%AC%D9%88%D9%85%DB%95%D9%86%DB%8C-%D8%B2%DB%8C%D9%86%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B3%DB%8C-372211583572513