عەبدوڵڵا دۆستاڵی
ناوم عەبدوڵڵا محەممەدی و ساڵی ١٣٤٥ لە گوندی دۆستاڵی لەدایک بووم. ساڵی ١٣٨٣ گیرام و ماوەی ٥ ساڵ لە گرتنگەی ئیتلاعات و دواتر زیندانەکانی ورمێ و مەهاباددا بەند کرام. ئەوەی دەیخوێننەوە پوختەی بەسەرهاتی ژیانی سیاسی و چۆنیەتیی گیران و مانەوەمە لە زینداندا.
ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت، ئەمن پۆلی دووهەمی ناوەندی بووم و بەهۆی باوکم کە شووڕای حیزب بوو زۆر زوو تێکەڵاوی شۆڕش و کاروباری ئەوکاتی حیزب لە گوندەکەمان بووم. لە سەردەمدا مێردمنداڵێک بە کاری هونەری و کاروباری یەکیەتیی لاوانەوە خەریک بووم. ساڵی ١٣٦٧ پێوەندیم بە کۆمیتەی ناوچە
ی سارم و میرقازەوە گرت و دەستم بە تێکۆشانی تەشکیلاتی کرد هەتا ساڵی ١٣٦٩کە بەڕەسمی هاتمە پێشمەرگایەتی و دوای ۵ ساڵ بە ئاگاداریی حیزب گەڕامەوە نێوخۆی وڵات. لەگەڵ گەڕانەوەم ماوەی سێ مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات گیرام و دوایە بە زەمانەت ئازاد کرام.
ساڵی ١٣٧٦ پێوەندیم بە حیزبەوە گرتەوە و وەک ئەندامی تەشکیلاتیی حیزب دەستم بە کار و تێکۆشانی حیزبی کردەوە. ڕۆژی ١٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٣ لە جادەی شەهرەک بە ماتۆڕسیکلەت دەڕۆیشتم کە دوو ماشێنی ئیدارەی ئیتلاعات دەوریان گرتم و یەکیان خۆی پێدادام و خستمی. دوایە بە دەست و لاق بەستراوی لە سندووقی ماشێنێکیان هاویشتم و لەگەڵ خۆیان بردیانم. دوای چەند ڕۆژ لێپرسینەوەی لە ئیتلاعاتی مەهاباد بەڕێیان کردمە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و ماوەی پتر لە ٥٠ڕۆژ لە زیندانی ئینفڕادیدا ڕایانگرتم. هەموو ڕۆژی دەیانبردم بۆ بازجوویی و بە دەست بەستراوی چەند کاغەزیان پێ ئیمزا دەکردم و دەیانناردمەوە ئینفڕادی. تۆمەتی سەرەکیی من ئەندامەتیی حیزب و کوشتنی داوود بالە ناسراو بە ئازاد بالە بوو. ئەمن لەگەڵ ئەوەی حاشام لێدەکرد و دوایەش پارێزەرم گرت، بەڵام نە پارێزەر چیی لە دەست دەهات و نە حسێبیکیش بۆ بەرگرییەکانی من دەکرا.
لێدان بە کابڵ و بە شەق و پێلەقە، جنێودان بە نامووس و دایک و باوک و باوەڕەکانت، برق لێدان، لە ئاوهاویشتن و زۆر شێوازی دی بەشێک لەو ئەشکەنجە جەستەیی و ڕووحییانە بوون کە لەسەر منیش تاقی کراونەتەوە.
دوای ئەوەی درامە دادگا، سزای ١٥ ساڵ زیندانیم بەسەردا سەپا و دایانمە زیندانی ناوەندیی ورمێ. سروشتی زیندانیی سیاسی وایە کە لە نێو بەند و کۆڕی بەندکراواندا هەموو کەس حورمەتت دەگرێ، بەڵام کاربەدەستانی زیندان لەسەر داوای ئیتلاعات لە ئازاردانت بەردەوامن و بەردەوام لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی شکاندنی کەسایەتیت دەدەن. لەنێو زینداندا بەرپرسەکان جیاواز بوون. ئەوانەی سەر بە حیفازەتی زیندانن هەموو وەک نوێنەری ئیتلاعات هەڵسوکەوتت لەگەڵ دەکەن و زۆر خراپ لەگەڵ بەندی دەجوولێنەوە؛ بەڵام کارمەندی کورد و غەیرە کوردیش هەبوون کە بەتایبەت ڕێزیان لە بەندیی سیاسی دەگرت. هەڵبەت ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەوشت و ئەخلاقی کەسەکان، دەنا سیاسەتی ڕەسمی شکاندنی تۆ و پەراوێزخستنی تۆیە. تۆی زیندانیی سیاسی لە ڕوانگەی ئەوانەوە هیچ مافێکت نییە، بۆیە بەردەوام هەوڵیان ئەمە زیندانت بۆ بکەن بە دۆزەخ و بە تێکەڵکردنت لەگەڵ ئەو تاوانبارانەی لەسەر کوشتن و دزی و گزی گیراون، یان ئەوانەی موعتاد بە مادەی هۆشبەرن، وا بکەن ژیانت لە زیندان ئەوەندەی دەکرێ سەخت و تاقەتپڕووکێن بێ.
سووکایەتی و ئازاردانی بنەماڵەش لە کاتی ملاقات و چاوپێکەوتندا بەشێکی دیکەی ئەم ئازارانەیە کە هەر زیندانییەکی سیاسی کەم و زۆر چێشتوویەتی. ئەمن وەک خۆم لە زینداندا زۆر ناخۆشیم بەسەر هاتووە. کاتێک کە گیرام ٥ ساڵ بوو ژیانی هاوبەشیم پێك هێنابوو و “دیار”ی کوڕم تازە لە دایک ببوو. کاتێک لە زیندانی مهاباد ڕا دەیانبردم بۆ ورمێ، لەگەڵ چەند مەئمووری ئیدارەی ئیتلاعات و ئەو جاشەی منی بە گرتن دابوو عەزیز کانەبی بە پێبەند و چاوبەستراوی سواری پەیکانێک کرابووم و وەرێ کەوتبووین. ئەمن ماڵم هاتبووە “خانەگێ” و ماڵەکەم لە جادە ڕا دیار بوو. “یەگانە”، کە کادری ئیتلاعات و بازجووی من بوو، گوتی: “عەبدوڵا ماڵەکەت دیارە و ئەوە لە ڕاستی ماڵەکەت دەڕۆین. خوداحافیزیی یەکجارییان لەگەڵ بکە چونکی تازە چاوت پێیان ناکەوێتەوە.” زۆر ناڕەحەت بوو. لە بێدەسەڵاتی وەک مار لە نێو خۆمدا جینگڵم دەدا و تەنیا دڵخۆشیم ئەوە بوو زیندانیی سیاسیم و سەری خۆم و بنەماڵەکەم بەوە بەرزە.
بیرەوەرییەکی تایبەتیم هەیە لەو ڕۆژە. کە گەیشتینە ورمێ منیان لە کردە زیندانێکی ئینفڕادییەوە. شەو بوو. زۆر ناڕەحەت و پەشێو بووم. چاوم بە دیوارەکاندا دەگێڕا کە لە پڕ دیتم لەبن شوفاژەکە نووسراوە “مەجید سەدەفی”. دەمزانی ئەوان کادری حیزب بوون و لە زیندان ڕایان کردبوو، بەوە ورەیەکی سەیرم گرت. تینێکی دی گەڕایە لەشم و گوتم دەبێ خۆڕاگر بم و هیوادار بە ئازادبوون لە زیندان بمێنمەوە…
وەک گوتم دادگا سزای ١٥ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاندبووم. هەموو هەوڵم ئەوە بوو کە بتوانم مەرەخەسییەک وەربگرم و نەگەڕێمەوە. دوای ۵ ساڵ مانەوە لە زیندان و پاش هەوڵێکی زۆر بە بیانووی ئەوەی داوای پێداچوونەوە بە حوکمەکەم کردووە و دەمەوێ خۆم لە تاران وەدووی کەوم، بە زەمانەتی ٥٠ میلیون تمەن، چوار ڕۆژ مەرەخەسیم پێدرا. بنەماڵە و کەسوکاریشم کە هەموو کارئاسانییەکیان بۆ دەربازبوونی من کردبوو، لەو دەرفەتە کەلکمان وەرگرت و لە ڕێگەی سنووری مەریوانەوە هاتینە باشووری کوردستان و خۆم گەیاندە حیزب و تێکەڵ بە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبەکەم بوومەوە.