خۆڕاگری: لاوێکی خەڵکی ئیلام بەناوی “نیما جەعفەری” دوای چەند ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە بەندەر عەباس، لەژێر ئەشکەنجەی تونددا گیانی لەدەستدا و ناوەندە ئەمنییەکانیش فشار دەخەنە سەر بنەماڵەکەی بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٦ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” نیما جەعفەری، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵانی خەڵكی شاری “ئەیوان”ـی سەربە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شاری بەندەرعەباس دەسبەسەر کرا و دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر دەسبەسەربوونیدا، لەناو گرتنگەی ئیتلاعاتدا و بەهۆی ئەشکەنجەی توندەوە گیانی لەدەستدا و ڕۆژی ڕابردوو ناوەندە سەرکوتکەرەکان پەیوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە بچن تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوە.
ئیدارەی سەرکوتکەری ئیتلاعاتی بەندەرعەباس بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو تاوانە، هۆکاری گیانلەدستدانی ئەو لاوەی بە “خۆکوشتن” ناوبردووە و گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەکەی و پێیان وتوون و هەڕەشەیان لێکردوون کە دەبێ بڵێن کوڕەکەیان خۆی کوشتووە کە لە ڕاستیدا ئەو سیناریۆیە ڕاست نییە و لەژێر گوشاردا بە بنەماڵەکەی دەیکەن.

Be the first to comment