ئازادکردنی کاتیی دوو هاوڵاتیی کورد دوای ماوەیەک لە ئەشکەنجە و دەسبەسەرکردن

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی ئیلام و سەقز بەناوەکانی محەممەد عەباسزادە و موبین محەممەدزادە، پاش نزیکەی مانگێک ڕاگیران بەشێوەی کاتی ئازاد کران.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی ٧ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: موبین محەممەدزادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، دوای ٢٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی نایاسایی و ڕاگرتنی لە شوێنێکی نادیار، ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا بۆ ماوەی هەفتەیەک لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا بووە بە مەبەستی “دانپێدانانی زۆرەملێ” و هەروەها ئازادکردنی ناوبراو بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بووە.

هاوکات هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناسراوی ئیلامی، محەممەد عەباسزادە، دوای ٢٢ ڕۆژ دەسبەسەربوون و گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام، ڕۆژی ١١ی ڕێبەندان بەشێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا و  ئەم هونەرمەندە لە گرتنگە نادیارەکاندا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی بووەتەوە و دادگا بڕی ٥ ملیارد تمەن بارمتەی بۆ ئازادکردنی ناوبراو دیاری کردووە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*