خۆڕاگری: مەهسا زارعی، چالاکوانی فەرهەنگیی خەڵکی کرماشان، پاش زیاتر لە مانگێک ڕاگیران، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٤ی فێوریەی ٢٠٢٦ زایینی” مەهسا زارعی، چالاکوانی ناسراوی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی شاری کرماشان، دوای تێپەڕاندنی ٣٣ ڕۆژ لە گرتنگەکانی ڕێژیمی ئێران، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
ئەم چالاکوانە کوردە ڕاستەوخۆ دوای ئازادبوونی، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پەیامێکی بە زمانی کوردی ئاراستەی هەموان کرد و نووسیویەتی: ئەوەی هەرگیز پێتان ناکرێت، سڕینەوەی ئازادییە لە ڕۆحماندا، ئەم دەربڕینە لەناو بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیادا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە.
ناوبراو یەکێکە لە چالاکوانە دیارەکانی بواری مافەکانی ژنان و پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە شاری کرماشان و ساڵانێکی زۆرە لە شارە جیاجیاکانی کوردستان کار بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە دەکات و بەهۆی ئەم چالاکییانەشەوە، پێشتریش چەند جارێک ڕووبەڕووی گوشار، هەڕەشە و دەسبەسەرکردن بووەتەوە.
شایانی باسە، مەهسا زارعی لە ڕۆژی هەینی، ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، لە کاتێکدا لە شوێنی کارەکەی بوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لەژێر لێپرسینەوەدا بوو.

Be the first to comment