خۆڕاگری: لە درێژەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانبار، ناسنامەی ١١کەسی هاووڵاتیی دیکەی کورد ئاشکرا بووە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست داوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١ی فێبریڤەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: زانیارییەکان باس لە گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران دەکەن کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان سپاردووە، ناسنامەی ١١ کەس ئاشکرا کراوە کە بەم شێوەیەیە:
لە پارێزگای کرماشان؛ سەید شەهاب پەیەمبەری، خانەنشینی فەرمانگەی ڕێگاوبان، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار لە گەڕەکی “نۆبەهار”ی کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا.
ئەمیرمحەممەد ئەربابپووری: مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵان و خوێندکار، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە گەڕەکی “موعەلیم”ی کرماشان بە فیشەکی جەنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لە دەست دا.
دیاکۆ سەخایی، خوێندکاری ماستەری یاسای سزا و هاووڵاتیی خەڵکی ڕوانسەر، ڕۆژی ١٩ی بەفرانبار لە گەڕەکی “ئیلاهییە”ـی کرماشان بە تەقەی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەست دا.
لەشاری تاران؛ مریەم کەلاتە، هاووڵاتیی خەڵکی سەبزەوار و دانیشتووی تاران، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە گەڕەکی “سەعادەتئاباد”ـی تاران بە فیشەکێک کە بەر ملی کەوت، گیانی لە دەست دا.
ڕەزوان عەبدی، هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە و دانیشتووی تاران، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار لە کاتی خۆپێشاندانەکانی تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا.
لە شارەکانی دیکە؛ سەعید کەلوەندی، هاووڵاتیی خەڵکی هەمەدان و دانیشتووی شاری “ساوە”، ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندان لەو شارە فیشەک بەر ڕانی کەوت و بەهۆی خوێنبەربوونی زۆر و بڕانەوەی قاچی، گیانی لە دەست دا.
عەلی ئەسغەر خودادادی، تەمەن ١٨ ساڵان و خوێندکاری ساڵی یەکەمی تەلارسازی و هاوڵاتیی کوردی کرمانجی خەڵکی ئەسفەرایەنی خۆراسان، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار بە دوو فیشەک کە بەر سنگی کەوت، گیانی لە دەست دا.
ڕەسووڵ بادپەڕان، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری “ئەڵوەند” لە قەزوین، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی خامنەیی بەر پەراسووی کەوت و گیانی لەدەست دا.
عەلی ئەحمەدی دەوڵەتشار، دانیشتووی خورەماوە، کە لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا بریندار ببوو، لە نەخۆشخانە بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە گیانی لە دەست دا.
ئێوارەی پێنجشەممە ۱۸ی بەفرانبار، ئەمیرحوسێن ئەمیری وەفا، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەشهەد، لە ڕەوتی ناڕەزاییە جەماوەرییەکان بەرانبەر بە بنکەی حەوتی تیری ئەو شارە، گەرووی بە گوللەی هێزە حکومەتییەکان پێکرا و گیانی لە دەست دا.
گیان لە دەستدانی هاووڵاتییان لەژێر ئەشکەنجەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم؛ سۆران فەیزیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و دانیشتووی بیجاڕ، لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەسبەسەر کرا و بەهۆی ئەشکەنجەی توندی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە گرتنگەکان گیانی لەدەست دا.
ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، وێڕای شەرمەزارکردنی بەکارهێنانی چەکی جەنگی دژی خۆپێشاندەران، داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات چاوێک بە ڕەوشی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێراندا بخشێننەوە.

Be the first to comment