خۆڕاگری: لە شارە جیاجیاکانی کوردستان، شەپۆلی هەڕەمەکی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان بەردەوامە و ڕێژیم دەست لە هیچ دڕەندەییەک ناپارێزێت.
ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٣١ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە درێژەی بەدوداچوونەکانی خۆیدا ڕاستی ڕووداوەکان باس دەکات و ڕایدەگەنێت: شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەردەوامە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک مامۆستا، پارێزەر و چالاکوانی مەدەنی ڕفێندراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
سارا (زەهرا) حوسێنزادە، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی پێشووی شۆڕشی ژینا، لە شاری ورمێ، لە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە بێسەروشوێن کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ڕۆژ، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەردەستدا و هەروەها لە شاری سنە؛ ڕۆژی ٢١ی بەفرانبار، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بەهزاد قەوامی، مامۆستا و ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان و دەسبەسەریان کردووە.
شاری ئەیوان؛ ڕۆژی ٥ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، دوکتور حوسێن شوکری، پارێزەری پلە یەکی دادگوستری، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و هەروەها لە شارەکانی ئیلام و بیجاڕیش سەرکوتکردنی هاووڵاتییان بەردەوامە و لە شاری بیجاڕ؛ محەمەدڕەزا نوسرەتی، دانیشتووی شاری کەرەج، لە کاتی سەردانی بۆ زێدی خۆی لە بیجاڕ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار.
لە شاری ئیلام؛ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی دیکە لەو پارێزگایە دەسبەسەر کراون، کە بریتین لە: عەلیڕەزا نەسروڵڵاھی تەمەن ١٩ ساڵانی خەڵكی ئیلام، نوورەدین چەلەنگەر، خەڵکی شاری چەرداوڵ و موحسین عەزیزینەژاد، خەڵکی شاری دەڕەشار.
شایانی باسە کە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم هاووڵاتییانە کراون لەبەردەستدا نییە و هەوڵ بەدوداچوونی بنەماڵەکانیان بێئاکام ماوەتەوە و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکان.

Be the first to comment