خۆڕاگری: محەممەد ئیسماعیلی و ئەحمەد زرنگ، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی بۆکان، پاش زیاتر لە مانگ و نیوێک ڕاگیران، بەشێوەی کاتی ئازاد کراون.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٢ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا محەممەد ئیسماعیلی و ئەحمەد زرنگ، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری بۆکان، پاش زیاتر لە مانگ و نیوێک دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١ملیارد و ٥٠٠ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کران.
ئەو دوو هاووڵاتییە ناوەڕاست مانگی سەرمازی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی لەماڵەکەی خۆیاندا بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کران و لەماوەی دەسبەسەربوونیاندا لە مافە سەرەتاییەکانیان وەکوو دەسبەسەرکراو بێبەش کرابوون.

Be the first to comment