خۆڕاگری: ناسنامەی شەش هاووڵاتیی دیکەی کورد ئاشکرا کراوە کە لە میانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ڕۆژانی ڕابردوودا لە شارەکانی تاران، مەشهەد و ئیسفەراین، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست داوە و لەنێو قوربانییەکاندا مێردمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵان هەیە.
ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا بڵاو کردەوە کە، ناسنامەی سێ هاووڵاتیی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران و ڕەی کوژراون، دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک بەسەر ڕووداوەکەدا پشتڕاست کراوەتەوە و ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٩ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” مێردمنداڵێک بە ناوی “محەممەدڕەزا عەبدولڕەحمانزادە”، تەمەن ١٦ ساڵان و خەڵکی شاری سەڵماسی پارێزگای ورمێ، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی تاراندا کراوەتە ئامانجی گولـلەی جەنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و گیانی لەدەست داوە.
تەرمی ئەو مێردمنداڵە گوازراوەتەوە بۆ شاری قوم و سەرەڕای تێپەڕبوونی هەفتەیەک، هێشتا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و محەممەدڕەزا سێیەمین هاووڵاتیی خەڵکی سەڵماسە کە لە ناڕەزایەتییەکانی پایتەختی ئێراندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەستداوە.
هەر لە هەمان ڕۆژدا لە تاران، لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵان بە ناوی “مەیسەم نەزەری”، خەڵکی کرماشان و هەروەها مێردمنداڵێکی تەمەن ١٨ ساڵان بە ناوی “یاسین ئیلاهی”، خەڵکی گوندی “ئاوئەنار”ـی سەر بە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، نەسیر نەسیری، هاووڵاتیی خەڵکی ڕوستەمئاوای گیەڵان، بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بە گولـلەی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەست داوە.
لە لایەکی دیکەشەوە و لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، ناسنامەی دوو قوربانیی دیکەی کورد ئاشکرا بووە و شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٨ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” هاووڵاتییەک بە ناوی “جەلیل میلانوویی”، خەڵکی ئیسفەراینی سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور، لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هیزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست داوە.
هاوکات لە هەمان شەودا لە شاری مەشهەد، “حوسێن زەبیحزادە”، کەوتووەتە بەر دەسڕێژی گولـلەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و لە مەوداوی نزیکەوە گولـلە بەر سەری کەوتووە و دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە و بە هەژمارکردنی ئەم حاڵەتانەی دوایی، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە و لە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگاکانی خۆراسانی ڕەزەوی و خۆراسانی باکوور کوژراون، گەیشتووەتە حەوت کەس و زۆربەی ئەم قوربانییانە بە تەقەی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کراونەتە ئامانج.

Be the first to comment