گیان‌لەدەستدانی لاوێکی خەڵكی سەلاسی‌باوەجانی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم

خۆڕاگری: ئاکۆ محەممەدی، لاوی ٢٢ساڵانی خەڵكی سەلاسی‌باوەجانی لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان لە شاری قشم بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەستداوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٨ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ئاکۆ محەممەدی هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ساڵانی خەڵكی شاری سەلاسی‌باوەجانی و دانیشتووی شاری “قشم”ـی سەربە پارێزگای هورموزگان لە خۆپیشاندانەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست داوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەو هاووڵاتییە بە بنەماڵەکەی داوای بڕی یەک ملیاردتمەن پارەیان لێدەکەن.
خەڵكی شاری قشم بۆ پشتیوانی لە شارەکانی دیکەی ئێران بەشدارییان لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکاندا کردووە و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە دڕەندانەترین شێوەی وڵامی خواستەکانی خەڵكیان داوەتەوە و ڕاستەوخۆ بە چەکی جەنگی تەقەیان لە خەڵك کردووە و لەئاکامدا ناوبراو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەستداوە و بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی دەبێ بڕی یەک ملیاردتمەن بدرێت بە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم.