دەسبەسەرکردنی ١٣هاووڵاتیی دیکەی کورد لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکانی ڕێژیم

خۆڕاگری: لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لەلایەن ڕێژیمەوە، ١٣ هاووڵاتیی دیکەی شارەکانی کوردستان دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٨ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە دڕێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورددا ١٣کەسیان لە شارە جیاجیاکانی کوردستان دەسبەسەر کردووە و گواستوویاننەوە بۆ شوێنێکی نادیار کە بریتین لە: شەهریار سادقی، محەممەد سادقی، مورتەزا حوسێنی، ئێحسان حوسێنی، محەممەد بەراری، جەواد پاشایی، ڕەزا نەزەرعەلی، پەیمان ئەسڵ‌مەرز، عەلیڕەزا بەسات‌زادە، حەمزە نووری، سەید نیما خامووشی، ئەمیرهوشەنگ حەیدەری و ئەمیرڕەزا سولەیمانی.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٧ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی”، دوو برای خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی شەهریار سادقی تەمەن ٢٢ ساڵان و محەممەد سادقی تەمەن ٢٥ ساڵان، لە بازگەی سەوڵاوای سەر بە شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبار، محەممەد بەراڕی خەڵکی جوانڕۆ و دانیشتووی تاران، جەواد پاشایی خەڵکی ئیلام، ڕەزا نەزەرعەلی خەڵکی ئیلام و پەیمان ئەسڵ‌مەرز تەمەن ١٨ ساڵانی خەڵکی دەڕەشاری سەر بە ئیلام، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانبار، عەلیڕەزا بەسات‌زادە هاووڵاتیی یارسان و خەڵکی سەرپێڵ زەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشان و هەمزە نووری هاووڵاتیی خەڵكی کیانشهری سەربە کرماشان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و تائێستا بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

مورتەزا حوسێنی و ئێحسان حوسێنی دوو لاوی خەڵکی هەرسینیش، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانبار دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە و ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانبار، سەید نیما خامووشی هاووڵاتیی یارسانیی خەڵکی کرماشان، ئەمیر هوشەنگ‌حەیدەری خەڵکی ئەیوان‌ـی سەر بە ئیلام و ئەمیرڕەزا سولەیمانی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی کەنگاوەری سەر بە کرماشان و دانیشتووی تاران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەمیرڕەزا سولەیمانی لە ناڕەزایەتییەکانی بازاڕی تاراندا دەسبەسەر کراوە و ماوەی حەوت ڕۆژە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە و هەروەها تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەو و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.