دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی زانکۆی خەڵكی مەلەکشایی لەلگەڵ براکەی لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مامۆستایەکی زانکۆی خەڵكی مەلەکشایی بەناوی عەلی‌ئەکبەر ئومێدی و براکەی بەناوی نەبی ئومێدی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٤ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” د. عەلی‌ئەکبەر ئومێدی، مامۆستای زانکۆ و هاووڵاتیی خەڵكی شاری مەلەکشایی و نەبی ئومێدی برای، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوزراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو برایە بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشیان بێئاکام ماوەتەوە.