خۆڕاگری: لە شەپۆلێکی بەرفراوانی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شارە جیاجیاکانی کوردستان، ناسنامەی زیاتر ٣٠کەسی دیکە ئاشکرا کراوە و کە کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەسبەسەری کردوون.
ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٦ی ١ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ژووری هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانە و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شار و پارێزگاکانی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و بەتایبەت لە ڕێکەوتەکانی ١٣، ١٤ و ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣ تا ٥ی جانیوەری ٢٠٢٦)، شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردن لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و هەمەدان دەستی پێ کردووە کە بەپێی زانیارییەکانی خۆڕاگری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، دەیان هاووڵاتییان دەسبەسەر کردووە کە لە نێوانیاندا ژمارەیەک مێرمنداڵ، ژن و کەسانی بریندار هەیە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٤ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” بەشی هەرە زۆری دەسبەسەرکردنەکان لە شارە جیاوازەکانی پارێزگای ئیلام تۆمار کراون کە سێ مێرمنداڵ بە ناوەکانی ئەمیرعەلی عەبدیان تەمەن١٦ ساڵان، سەدرا مەنسووری تەمەن ١٧ ساڵان و فیروز فەرەجی تەمەن ١٧ ساڵان لە نزیک نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ئیلام لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.
هەروەها مەیسەم نووری، هاووڵاتیی تەمەن ٢١ ساڵانی خەڵکی ئیلام کە یەکێک بووە لە بریندارەکانی خۆپیشاندانەکان، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و سەڕەرای دۆخی نالەباری جەستەیی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و لە شارەکانی دیکەی ئەم پارێزگایە، ناسنامەی ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوان بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە: ئاودانان، پوویا نادری تەمەن ١٩ ساڵان و ئەمیرحوسێن عەباسی و هاووڵاتییەکی دیکە کە ناوەکەی ئاشکرا نەبووە و لە شاری دێلوڕان، دوو برا بە ناوەکانی میلاد و میساق سەیدمورادی تەمەن ١٨ ساڵان، عەلیڕەزا پاریاب و ڕۆحوڵڵا کەریمی.
لە شاری مەلەکشایی، ئەیووب کەریمی و مستەفا فەرەجی و لە دەڕەشار، موبین ئەولاد، بیژەن مەقسوودی، سەدرا یووسفی تەمەن ١٨ ساڵان و عەلی دارابی و هەروها لە ناوەندی شاری ئیلامیش، ئەمیر لوتفی تەمەن تەمەن ١٩ ساڵان، ئەمین یووسفی، ڕەزا دووستینژاد و ئارتین سۆهرابی تەمەن ١٧ ساڵە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کراون و لە شارەکانی سەراوڵە و کارەزانیشی نۆشاد عەرەبی، محەممەدحوسێن مورادی و ئەحمەدڕەزا محەممەدیان دەسبەسەر کراون.
شایانی باسە کە لە پارێزگای کرماشان و ناوچەکانی دەوروبەری چەندین هاووڵاتی کراونەتە ئامانجی شەپۆلی دەسەسەرکردنی هاووڵاتییان لەلایەن ڕێژیمەوە، ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٣ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” سێ ئەندامی یەک بنەماڵە کە خەڵکی کەنگاوەر و دانیشتووی شەهریار بوون، بە ناوەکانی ستایش خەزایی تەمەن ١٨ساڵان و نازەنین خەزایی تەمەن ١٩ساڵان و ئیلاهە خەزایی دەسبەسەر کران و هەروەها میلاد مەردانی تەمەن ٢١ ساڵان لە شاری سەحنە و مێرمنداڵێکی تەمەن خوار ١٨ساڵان بە ناوی ئەمیرحوسێن سەیدی بووژانی، لە گەڕەکی جەعفەرئاوای کرماشان دەسبەسەر کراون و لەلایەکی دیکەوە حوسێن کاکی، خەڵكی کرماشان دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
لە پارێزگای سنە و ناوچەکانی دیکەش گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەردەوامن، مەهیار سادقی، خەڵکی گوندی تەنگیسەر و دانیشتووی هەمەدان، ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ دەسبەسەر کرا و ڕامین ئیقبالی، مێرمنداڵی ١٧ ساڵانی خەڵکی سنە، حاتەم ئیبراهیمی خەڵكی مەریوان و ڕەزا پەهلەوانی خەڵکی شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
جێی ئاماژەیە کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زۆربەی ئەو هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانیی لای بنەماڵەکانیان دروست کردووە و کە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی بەهیچ شێوەیەکی وڵامیان نادەنەوە.
