ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سنە پاش ١٠ڕۆژ

خۆڕاگری: هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوی خەڵكی سنە بەناوی  سەدیق مەحموودی، ماوەی ١٠ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٧ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی” سەدیق مەحموودی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە و کرێکاری کارگەی سیم لەو شارە، لەلایەن ‌هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم بەبێ هیچ بەڵگەیەک و بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوە سەرماڵی ناوبراو و وێڕای دەسبەسەرکردنی جۆی بەتەواوی ماڵەکەشیان پشکنیوە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونیدا، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.