بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێ مانی لە خواردن گرت

خۆڕاگری: نایب عەسکەری، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی ورمێ، لە بەندیخانەی ئەو شارە بە نیشانەی ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە پێنەدانی مافەکانی، مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (١٣ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی) نایب عەسکەری، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری ورمێ و بەندکراوی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی‌دەربڕین بە پێنەدانی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پێڕانەگەیشتنی خزمەتگوزاری پزیشکی، مانی لە خواردن گرتووە.

نابوراو ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەکەی، سزای ١٥ساڵ بەندکردنی تەعزیری و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها لە ماوەی بەندکردنیدا لە مافی مەرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و دۆخی تەندوستیشی ناجێگیرە و بە نیشانەی ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە پێنەدانی مافەسەرەتاییکانی مانی لە خواردن گرتووە.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە ورمێ کە خۆی لە دادگا حازر نەبووە، بەتۆمەتی “محاربە” لە ڕێگەی ئەندامبوو لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە ڕۆژی شەممە، ٢٦ی خاکەلێوە بەشێوەی فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا و هەروەها جارێکی دیکەش پاش گۆڕینی تۆمەتەکەی لە محاربەوە و بۆ بەغی لەلایەن هەمان دادگاوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی خاکەلیوەی ١٤٠٠ی هەتاوی کە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بووە، دوای وازهێنانی لەو حیزبە و وەرگرتنی “ئەمان‌نامە”ـی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم گەڕاوەتەوە بۆ شاری ورمێ و لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا، ئەوە لە کاتێکدایە کە سپای تێرۆریستی پاسداران ئەوکات  بەشێوە تەنیا بەشێوەی زارەکی ئەماننامەی بە بنەماڵەکەی داوە و دواتر لەژێریشی دەرچووە کە هیچ ئەماننامەیەکی بەو بنەماڵەیە دابێ و پاش ٣مانگ بێسەروشوێنبوون و لەژێر قورسترین ئەشکەنجەدا لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و دواتر گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ.