سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر نووسەرێکی خەڵکی شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: عومەر محەممەدی، شاعیر و نووسەری خەڵکی شنۆ، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە. سزای ٥ساڵ و ٦مانگ بەنکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی شەممە، ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (١٣ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی) ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: عومەر محەممەدی، شاعیر و نووسەری خەڵکی شاری شنۆ کە لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە، سزای ۵ ساڵ و ۶ مانگ بەندکردن و ۴ ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندراوە و دوو مانگ لەمەبەر بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گوازراوەتەوە و ئەوە لەحاڵێکدایە کە ناوبراو سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی بێبش کراوە.

ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە تۆمەتی بەڕێوەبردنی خولی فێرکاریی زمانی کوردیی دراوەتەپاڵ و هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ۲۹ جۆزەردانی ئەمساڵ (۱۹ی ژووئەنی ۲۰۲۵) لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری شنۆ بەشێویەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.