سزای سێداری وریشە مورادی لەلایەن ئێرانەوە هەڵوەشایەوە

خۆڕاگری: وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سنە کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لەلایەن دیوانی بەرزی ڕێژیم سزاکەی هەڵوەشاوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای لەسێدارەدانی وەریشە مرادی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا هەڵوەشایەوە و بۆ دووبارە لێکۆڵینەوە بۆ لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێ کراوەتەوە.

مستەفا نیلی، پارێزەری وەریشە مرادی، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بەخۆی نووسیویەتی: دوای لێکۆڵینەوە لە داوای پێداچوونەوەی پەسەندکراو سەبارەت بە خاتوو وەریشە مرادی لە دیوانی باڵا، بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و پابەندنەبوون بە ڕێکارە یاساییەکان (نەبوونی تێگەیاندنی تۆمەت بنەمای دەرچوونی سزای سێدارە لە قۆناغەکانی دادڕەسیدا)، سزای دەرچووی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران هەڵوەشێنرایەوە و دۆسیەکە دووبارە بۆ لێکۆڵینەوە بۆ هەمان لق بەڕێکرایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەر ی ساڵی ڕابردوو(١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ی زایینی)، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارەدان، لە ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای سێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ماوەی ٢٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت و هەروەها خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی ئەبوولقاسم سەلەواتی بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەی کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.