خۆڕاگری: سمکۆ یوسفی، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەیانی ڕۆژی دووشەممە، ۱۷ی سەرماوەزی ۱٤۰٤ی هەتاوی (٨ی ۱۲ی ۲۰۲٥ی زایینی) سمکۆ یوسفی، مامۆستای زمانی کوردی و هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە جارێکی دیکە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیکەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوبراو و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەواڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بیئاکام ماوەتەوە.
