خۆڕاگری: پووریا جەواهێری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی کامێران، پاش نزیکەی ٣ساڵ دەسبەسەربوون لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: پووریا جەواهێری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری کامێران کە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، پاش نزیکەی ٣ساڵ دەسبەسەربوون لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کراوە.
ناوبراو لەماوەی دەسبەسەربوونیدا زیاتر لە ٢٥مانگی بەشێوەی کاتیی ڕاگیرابوو و هیچ بڕیاڕێکی لەسەر نەدرابوو و هەروەها بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆسییەکەی چەندجارێک مانی لە خواردن گرتبوو و لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن پاریزەر و لە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان بێبەش کرابوو و تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست لەسەر دۆخی یاسایی دۆسیەکە لەبەردەستدا نییە.
