دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەوڵاوا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لوقمان ساڵحی‌زادە و عەلی حوسەینی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەوڵاوا لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، لوقمان ساڵحیزادە و عەلی حوسێنی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “دێوەزناو”ـی سەربە شاری سەوڵاوا، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بانگ کران و هەرلەوێ دەسبەجێ بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەو دوو هاووڵاتییە سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونیاندا تائێستا لە سەرەکیترین مافەکانیان وەکوو دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.