خۆڕاگری: ئەمجەد ساڵحزادە، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەمجەد ساڵحزادە، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەقز بۆ جاری دووهەمە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار کە ئەمە لەکاتێکدایە ناوبراو ٥مانگ لەمەوبەر دوای زیاتر لە چوار مانگ دەسبەسەربوون، لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک هەڵیانوکوتاوەتە سەر شوێنی کارەکەی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و پێشتریش ڕۆژی سێشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتالاعاتی ڕێژیمەوە بە بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرا و ڕۆژی ٣ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ پاش چوار مانگ و ٣ڕۆژ بەندکردن، لە بەندیخانە ئازاد کرا.
جێی ئاماژەیە کە ئەو هاووڵاتییە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بە سەرۆکایەتی قازی جەواد مستەفایی بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیمی ئێران، سزای ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
