
خۆڕاگری: ئاگا سادقی، هاووڵاتی بەهایی خەڵکی بۆکان بۆ تێپەڕاندنی سزای ١ساڵ بەندکردن، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی خۆڕاگری، ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئاگا سادقی، هاووڵاتیی بەهایی خەڵكی شاری بۆکان بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای ١ساڵ بەندکردن پاش ئەوەیکە لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیم بانگ کرا، هەرلەوێ دەسبەجێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە کرا.
ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیمی ئێران، سزای یەکساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا پاش ماوەیەک ڕاگیران بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.