دەسبەسەرکردنی دوو مێرمنداڵی خەڵكی شنۆ لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٦ساڵانی خەڵكی شنۆ بەناوەکانی “دیار گەرگول و ئالان تابناک” لەلایەن چەکدارانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، دیار گەرگول و ئالان تابناک، دوو مێرمنذاڵی تەمەن ١٦ساڵانی خەڵكی گوندی “سینگان”ـی سەربە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپاسی تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو مێرمنداڵە و وێڕای دروستکردنی دۆخێکی ترسێنەر بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشیان بێئاکام ماوەتەوە.