دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بەناوەکانی “سەلاح بەهامین و کامران ڕەواز” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ۲۰پووشپەڕی ۱٤۰٤ی هەتاوی، سەلاح بەهامین و کامران ڕەواز، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار و هەروها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەواڵی و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشیان بێئاکام ماوەتەوە.