چالاکوانێکی ژینگەیی خەڵكی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: سمکۆ مەعرووفی، چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵكی بۆکان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، سمکۆ مەعرووفی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و چالاکونی ژینگەپارێزی خەڵكی شاری بۆکان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بە چەند ئوتۆمبێلی سەربازییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ناوبراو و بە بەکارهێنانی کردەوەت توندوتیژی و دروستکردنی دۆخێکی ترسێنەر، دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.