دوو هاووڵاتیی دیکەی خەكی سەردەشت لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی سەردەشت بەناوەکانی “ڕەحیم ئەحمەدزادە و محەممەد ئەحمەدپوور” لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕەحیم ئەحمەدزادە و محەممەد ئەحمەدپوور، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵكی شاری سەردەشت کە بەهۆی بەشادریکردنیان لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی “دۆڵەگەرم”ـی سەربەو شارە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و پاش دوو ڕۆژ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کران.

هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەردەشت کە بەهۆی بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی دۆڵەگەرم لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون، ژمارەیان گەیشتووەتە ١٣کەس کە ماوەی ٢ڕۆژ ڕاگیران و دواتر بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کران.