دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: پژمان سوڵتانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا  و خەڵکی بۆکان، لەلایەن لقی ١ی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە لاوانی پارێزگای ورمێ، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و دوو هاووڵاتیی دیکەی هەمان دۆسییە بەناوەکانی “ڕزگار بەیگزادە بابامیری، سزای ١٥ ساڵ بەندکردن و سۆران قاسمی، سزای ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکردنییان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: پژمان سوڵتانی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری بۆکان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن لقی ١ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران تایبەت بە لاوانی پارێزگای ورمێ بەتۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست”ـی یەکێک لە جاشپاسدارەکانی ڕێژیم لەکاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژینا، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها لەو دۆسییەدا، ڕزگار بەیگزادە بابامیری و سۆران قاسمی بەتۆمەتی “هاوکاریکرد لە کوشتن” هەرکامیان سزای ١٥ ساڵ و ١٠ ساڵ و ١ڕۆژ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و کاوە ساڵحی تۆمەتبارێکی دیکەی هەمان دۆسیە،  لەو تۆمەت و سزایە بێتاوان دەرچووە و ڕۆژی ٩ی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ دانیشتنی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییانە بەڕێوەچووە و سزادەرچووەکان لە ٢٦ی هەمانگ لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەشێوەی فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.

شایانی باسە کە، پژمان سوڵتانی ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، لە شوێنی کارەکەی و سۆران قاسمی لە هەمان ڕۆژدا لەبەردەم ماڵەکەی خۆیان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوون و ڕزگار بەیگزادە بابامیریش ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و هەر چواریان دوای دەسبەسەرکردنیان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ گوازرابوونەوە و بۆ ماوەی ٤مانگ لە ژووری تاکەکەسی و لە ژێر ئەشکەنجەی قورسدا بوون و بەوهۆیەوە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بەدژی خۆیان کرابوون.