برای شەهیدێکی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: ئومید قەدیمی، هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە و برای یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمەوە سزای بەندکردن و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئومید قەدیمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دیواندەرە و برای “فواد قەدیمی”، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی سەرانسەریی “ژن، ژیان، ئازادی” لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزا ١ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی نەغد بە بڕی ٣ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی ڕێژیمی ئێرانەوە لە دیواندەرە بەتۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەكانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٣٢ مانگ بەندکردن و بەتۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام، سزای ٨مانگ بەندکردن و بەتۆمەتی تێكدانی بیروڕای گشتی، سزای پێبژاردنی پارە بە بڕی ٨٥ میلیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا.