بەیاننامەی ژنانی سیاسی، لە بەندیخانەی “ئێڤین”ی تاران

حەڤدە ژنی بەندکراوی سیاسی، لە بەندیخانەی ئێڤین بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە حکومەتێکی دژە ژن ناوبرد.
زیندانیانی سیاسی لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، لە سەرەتایترین مافەکان کە دەبێ بەندکراوێک هەیبێ، بێ‌بەشن. لە نێو ژنانی زیندانی لە گرتووخانەکانی ڕێژیمی ئێراندا، زوڵم و زۆری لە سەر ژنان بە بەراورد لە گەڵ پیاوان زۆر زیاترە و بە هەموو شێوەیەک دەکەونە بەر ئەشکەنجە و گوشاری کاربەدەستانی نێو بەندیخانەکان و دەچەوسێنەوە. هەر لەو پێوەندییەدا ١٧ کەس لە ژنانی بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ئێڤین، کە لە نێو ئەو کەسانەدا “نەرگس محەممەدی” ئاتنا دائمی” و “نازەنین زاغەری” و چەند کەسی دیکە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە حکومەتێکی دژە ژن ناوبردووە، و ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە چل ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەسەڵاتداران جگە لە زوڵم و زۆری و هەڵاواردن و ناعەداڵەتی هیچی بۆ ژنان تێدا نەبووە و لە لایەکی دیکەش دەسەڵاتداران بە هەموو توانایانەوە بە گژ ئازادیخوازان و ڕووناکبیراندا دەچنەوە و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز جێگەیان بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامییە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا باس لەو ژنانە دەکەن کە لە بەندیخانەدان و لە منداڵەکانیان دوورن و هەروەها ئەو دایکانەی کە ڕۆڵەکانیان لە زیندانەکانی ڕێژیمدان و ئیزنی چاو پێکەوتنیان پێنادەن. نموونەی ئەو دایکانە زۆرن، هەر وەک دەزانین لە چەند مانگی ڕابردوودا “فەرەنگیس مەزلووم” سەرەڕای ئەوەی کە نەخۆش بوو بە تۆمەتی بەرگری کردن لە کوڕەکەی “سوهەیل عەڕەبی” دەسبەسەر کرا، دایکی “عەلیڕەزا شیرمحەممەدی” لە بەر ئەوەی ٨٠ میلیۆن تمەن بارمتەی نەبوو بۆ ئازاد کردنی کوڕەکەی، لە زینداندا گیانی لە دەستدا، ڕاحیلە ئەسل ئەحمەدی” بە تاوانی ئەوەی داوای ئازادی کچەکەی ” سەبا کوردئەفشار”ی کردبوو دەسبەسەر کراوە، و زۆر کەسی‌تریش کە بە وەپاڵدانی تۆمەتی جۆراوجۆو لە زیندان و گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی دان. ئێمە ئەو ١٧ ژنە بەندکراوە لە بەندیخانەی ئێڤین، کە ئەو بەیاننامەیەمان واژۆ کردووە خۆمان ساڵانێکی دوور و درێژە ڕەنج و دووری جگەرگۆشەکانمان دەکێشین، بۆ جارێکی دیکە ناڕەزایەتی خۆمان لە هەمبەر زۆڵم و زۆر و کردەوەی دوور لە ئینسانییەت و ناعەداڵەتی دەردەبڕین.