دەستبەسەرکرانی لانیکەم ٥ هاووڵاتی لە ئورمیە

لە ماوەی رۆژانی ڕابردوودا و دوای بەرێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەسەر هێرشی تورکیە بۆ رۆژاوای کوردستان لە شارەکی ئیسلاماوای ئورمیە، چەندین هاووڵاتی ئەو شارە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەزبەری ٢٧١٩(١٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە چوار هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی “ڕەزا ئیسماعیلی، مەسعود جاویدی، کەیوان زارع و ئومید مەلکی” دەستبەسەر کردووە.

هەواڵەکان لە ئورمیە باسی لە دەستبەسەر کرانی دوو کچی خوێندکار کردووە کە تا ئێستا ناسنامەیان ڕوون نەبووەتەوە.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، هاووڵاتیەکی دیکە بە هەمان تۆمەت بە ناوی “ئومید موکەڕەم” دەستبەسەر و بۆ بەندی ٣ی بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو گەرەکی ئیسلاماوای ئورمیە میلیتاریزە کراوە و هێزە ئەمنیەکان رێگیریان لە کۆبوونەوەی خەڵک کردووە و تەنانەت ئیزنیان نەداوە کە چەند کەس پێکەوە هاتووچۆ بکەن.