پەروین ئەدوایی لە مەریوان دەسبەسەر کرا

چالاکێکی فەرهەنگیی خەڵکی شاری مەریوان، لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی شەممە، ٥ی گەلاوێژ چەند چەکدارێکی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە مەریوان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی پەروین ئەدوایی، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی ئەم شارە و دەسبەسەریان کردوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
پەروین ئەدوایی، لە چەند ساڵی ڕابروودا، لە بوارەکانی ژنان و منداڵان و ژینگەپارێزی چالاک بووە.
دەسبەسەرکرانی پەروین ئەدوایی لە مەریوان لە حاڵێک دایە کە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە کوردستان لە سەرەتای هاوین و لە ماوەی ٤٠ ڕۆژدا لانیکەم ١١٠ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی ڕێژیم و هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم گرتووە.
شایانی باسە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە وەرزی بەهاری ئەمساڵیشدا لانیکەم ١٠٦ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی لە دژی ڕێژیم گرتبوو و بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گیراون، گەیشتە ۲۱۶ کەس.