پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان 

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، نەمران و زیندانییە سیاسییەکان!

زیندانییە سیاسییە خۆڕاگرەکان!

ئەمڕۆ ڕێز لە یاد و بیرەوەریی ڕۆژێکی میژوویی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرین کە ٧٧ ساڵ لەوەپێش خوڵقا.

٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی (٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦ی زایینی) لە چوارچرای مەهاباد کۆمارێکی کوردی ڕاگەیاندرا و ڕووداوێکی گەلێک مەزن خوڵقێندرا. قازی محەممەد، پێشەوای حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە بەشداریی هەزاران کەس لەو گۆڕەپانە و بوونی کەسایەتییە سیاسی و ناودار و تینووی ئازادی و مافی نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەی کوردستانی بە غەدر دابەشکراو، کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند. بەو بۆنە مەزنەوە، لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کورد، ئۆگرانی ئازادی، مافویستانی نەتەوەیی و ژیانی ئینسانی، بەتایبەتی بنەماڵەی شەهیدان و نەمران و زیندانییە سیاسییەکان دەکەین کە لە چاڵەڕەشەکانی ڕێژیمی پەت و سێدارە و ئێعدامدا، سەربەرزانە و بە شانازییەوە لەژێر ئەشکەنجە و ئازاریی جەستەییی و دەروونیدا، درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان دەدەن، بۆ ئەوەی “میللەت بە سەربەرزی بژین.”

تەمەنی کۆمار ساوا بوو، بەڵام زۆر گەورەی تێدا کرا کە بوون بە ماکەی بنەمای فیکری و هزری و بەکردەوی ڕزگاری و خەباتی ئازادیخوازنەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، کە بە شێوەی جۆراوجۆر لە پاش کۆتایی شەڕی دوویەمی جیهانیدا، تا ئێستا کراون و هەروا درێژەی هەیە. بەتایبەتی بەفەرمیکردنی زمانی کوردی، پێکهێنانی کابینەی دەوڵەت، دەرکردنی ڕۆژنامەی “کوردستان”، گۆڤار بۆ لاوان و منداڵان، هەڵکرانی ئاڵای کوردستان، ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە و دروستکردنی ڕێکخراوی ژنانی کوردستان، ئیمزاکردنی ڕێککەوتن لە نێوان دوو کۆماری ئازەربایجان و کوردستان.

    ئێمە ئەمساڵ لە هەلومەرجێکدا، یادی کۆماری نەتەوەیی کوردستان دەکەینەوە کە پتر لە چوار مانگە شۆڕشی نویی گەلانی ئێران، شۆڕشی ژینا لە هەموو ناوچەکانی ئێران و دەرەوە دەستی پێ کردوە و ڕێگەی پڕ لە شانازیی بۆ مافخوازی و کەرامەتی ئینسانی لەژێر دروشمی “ژن، ژیان ئازادی”دا، تێپەڕ دەکا.

     ئەو شۆڕشە مەزنە کە بە کوژرانی کێژێکی جوانی سەقزی، ژینای لێوبەپێکەنین، شاد و دڵخۆش و بەبەهرە لە ژیان، تەنانەت لەژێر تاریک‌بیری ڕێژیمی تاراندا، بە غەدر و غەریبانە لەو شارە، بەدستی مرۆڤکوژانی دەسەڵاتدار خوڵقا. جوانەمەرگ‌کردنی ژینا لە غەریبیدا، سروودی “دەمی ڕاپەڕینە، دەمی ڕاپەڕین، بۆ ئەوەی میللەت بە سەربەرزی بژین”ی بەکردەوە لە سپاردنی بە خاکی نیشتماندا هێنایەوە کایەوە. بنەماڵەی ژینا لە مەڵبەندی “زێڕوەشان‌ خان”ی سەقز، جارێکی دیکە جەوهەری ورە و کردەوەی شۆڕشگێڕییان زیندوو کردەوە و نە بە هەڕەشە و نە بە تەماح‌وەبەرنان تەسلیمی ئیرادەی ڕێژیم بۆ پووش‌بەسەرکردنی ئەو جینایەتە نوێیەی نەبوون. بەوەش چەخماغەی شۆڕشێک لێ درا کە هەتا ئێستا درێژەی هەیە و لە ڕەوتی سەرکوت و تەپەرسەریی ئەو شۆڕشەدا، جگە لە سەدان شەهید و هەزاران بریندار، دەیان هەزار کەسیش کەوتوونەتە زیندانەوە کە زۆربەیان بەداخەوە گیانیان لە مەترسی‌دایە.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای دانواندنی  سەری کڕنۆش بۆ شەهیدان، ئومێدی چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێ و هیوای سەلامەتی و ئازادی هەرچی زووتر لە بەندی کۆماری پەت و سێدارە بۆ هەموو بەندییە سیاسییەکان بەئاوات دەخوازێ.

ئەنجومەن هەروەها داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتی و وڵاتانی دێموکراتیک و شوێندانەر دەکا بە هانای زینداییە سیاسییەکانەوە بێن و بە گوشاری زیاتر بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ڕێگری لە ئەستاندنی گیانی بەندییە سیاسییەکان بکەن. ئێمە دەبینین ئەو لاوانەش کە لەژێر “کەفالەتی سیاسی”ی پارڵمانتارەکانی وڵاتانی بیانیش‌دان، بەداخەوە گیانیان لێ دەستێندرێ؛ بۆیە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جینایەتەکانی ئەم ڕێژیمە ئیرادەی شێلگیرانەتر و تێکڕایی دەخوازێت.

سەرکەوێ خەباتی ئازادیخوزانە و مافویستانەی گەلانی ئێران.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

(کۆمیتەی دەرەوی وڵات)

٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٣)