دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی”ئەوین ڕاستی”و”خەبات وەیسی”تەمەن ٢٤ساڵ خەڵکی گوندی گووڵچیر سەر بە شاری مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر و گوازراونەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بە پێی زانیارییەکان خەبات وەیسی ڕۆژی ڕابردوو لە کاتی خۆپێشاندانی دژ بە کووشتنی مەهسا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بریندار کرابوو ئەمڕۆ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی هێرشیان کردۆتە سەر ماڵەکەی و دەستبەسەریان کردووە.

ئەوین ڕاستی یەکێک لە چالاکانی بواری مافی ژنان ڕۆژی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی باوکی و پاش دەستبەسەر کرانی دەستیان بە پشکنین کردووە و دەستیان بەسەر موبایلی شەخسی تەواوی بنەماڵەکەی ناوبراو دا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەست دا نییە و چارەنووسیان نادیارە.