دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

خۆڕاگری: ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی”شەهریار ئەفسەری”خەڵکی گوندی”نێ”سەر بە شاری مەریوان و”کامیار مرادیان”تەمەن ٢٥ساڵ خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە و دانیشتووی شاری مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کران.

بە پێی ئەو زانیارییانەی بە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی هێرشیان کردۆتە کارگەی شیرینی سازی ناوبراو دەستبەسەریان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەروو کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات پاش دەستبەسەرکرانی کامیار مرادیان چوونەتە ماڵەکەی و دەستیان بەسەر هێندێک کەڕەستەی شەخسی ناوبراو وەکوو لەب تاب و موبایل دا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانی و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەست دا نییە و چارەنووسیان نادیارە.