هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو سولێمان ساڵک گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە

خۆڕاگری: ڕۆژی شەممە ١٩ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد”سولێمان ساڵک”تەمەن ٦٩ ساڵ خەڵکی مەهاباد پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانی لە مافی بوونی پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

سولێمان ساڵک ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەڵاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی پاش بانگهێشت کرانی بۆ دادگای شۆڕشی پیرانشار سەر لە نوێ بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە جاری یەکەم ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕێگای پیرانشار-مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە بێ نواندنی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ و ڕۆژی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەڵاوێژ پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەی گوازرابووە بۆ بەندیخانەی نەغەدە.

ڕۆژی شەممە ٢٢ی گەڵاوێژی١٤٠١ی هەتاوی بە دانانی بارمتەی ٣میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگایەکەی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرابوو.

شایانی باسە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەست دا نییە.