سەلاحەدین ئەحمەدی بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد “سەلاحەدین ئەحمەدی” تەمەن٤٢ساڵ خەڵکی گوندی “سینگان” سەر بە شاری شنۆ ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتا پڕۆسەی دادگایەکەی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گەڵاوێژی١٤٠١ی هەتاوی لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئومید مرادی خەڵکی گوندی سینگان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەیان گوازرابوونەوە بۆ بەندیخانەی شاری شنۆ.

سەلاحەدین ئەحمەدی ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی پووشپەڕ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار سەلاحەدین ئەحمەدی لە ماوەی دەستبەسەرکرانی لە مافی بوونی پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەستبەسەکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەست دا نییە.